چوار وڵاتی عەرەبی هاوکاری پێشکەشی ئۆنروا دەکەن

K24 – هەولێر

ئاژانسی فریاگوزاری بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" هەوڵدەدات هاوکاریی جێگرەوە بەدەست بهێنێت، دوای ئەوەی ئەمەریکا پارەدارکردنی ئاژانسەکەی لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕاگرت.

بڕیارەکەی ئەمەریکا و وڵاتانی تر بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئاژانسەکە، دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل 12 کارمەندی ئۆنروای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستییان لە هێرشەکەی حەماس دا هەبووە، کە لەمانگی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کردیانە سەر ئیسرائیل.

کۆمسیاری گشتی ئۆنروا "فلیپ لازارینی" ڕووی لەولاتانی کەنداو کردووە و داوای کردووە ڕێکخراوەکە ڕزگار بکەن، کە سەرچاوەی سەرەکی داراییەکەی بڕاوە بەهۆی جەنگی غەززەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لازارینی توانی تەنها 85 ملیۆن دۆلار لە سعوودیە و قەتەر و ئیمارات کۆبکاتەوە، "ئەمەش زۆر کەمترە لەو پارەیەی کە لەدەستیداوە، چونکە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە هاوکارییەکانیان زیاتر بووە بەڵام لە ئێستادا پچڕاندوویانە".

 ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا بەتەنها زیاتر لە 422 ملیۆن دۆلاری بەو ئاژانسە داوە.

 لازارینی گوتی: پەنابەرانی فەڵەستین هەمیشە پشتیان بە هاودەنگی و بەخشندەیی حکومەت و گەلانی عەرەبی بەستووە و لەگەڵ ئەو بڕیارەی ئێستا کە لەلایەن هەندێک لە خێرخوازە گەورەکانەوە دراوە بۆ هاوکاریکردنی ئۆنروا، بۆیە ڕوو لە هاوبەشەکانی ناوچەکە دەکەم بۆ ئەوەی یارمەتی ئاژانسەکە بدەن.

ئەو ولاتانەی هاوکاری ئۆنروا دەکەن، لەوانەش سعوودیە کە هەفتەی ڕابردوو بەڵێنی داوە 40 ملیۆن دۆلار پێشکەشی ئاژانسەکە بکات، هەروەها قەتەریش بەگوژمەی 25 ملیۆن دۆلار پێداویستی فیاگوزاری بۆ ئۆنروا دابین دەکات، عێراقیش 25 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاژانسەکە تەرخانکردووە، ئیماراتیش بە 20 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئاژانسەکە دەکات.