ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەدایە و سێ بابەت تاوتوێ دەکات
K24 - هەولێر
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە؛ مووچەی مانگی شوبات، ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27 ی ئاداری 2024، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، دەستیپێکرد و چەند بابەتێک گفتوگۆ دەكات.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا دواپێشهاتەكان سەبارەت بە بابەتی مووچەی مانگی شوباتی 2024 دەخرێتە ڕوو و گفتوگۆ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمدا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بابەتی بڕیار و ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی، سەبارەت بە ڕاكێشانی كاش بە دۆلاری ئەمەریكی گفتوگۆ دەكرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا بابەتی پابەندكردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان دەخرێتەڕوو.
"بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەدەین"
دوێنێ سێشەممە، 26-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستان دەدەین". گوتیشی، "لە کێشە و ناخۆشییەکاندا، خۆمان بە تەنیا دەبینین، بەڵام خوا و خەڵکی کوردستانمان لەگەڵ بێت منەتی کەس هەڵناگرین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، "ئێمە واز لە هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناهێنین و دەبێت هەموو پێکەوە بیربکەینەوە چۆن کێشەی خەڵک چارە بکەین و کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، ئێمە کێشەی ناسنامە و خاکمان هەیە، لە کۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ هەقە و بۆ ئێمەیە".