ئەحمەد سەفار: کێشەی نەوت و داهات کێشەیەکی سیاسییە

K24 - هەولێر

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کێشەی نەوت و داهات، کێشەیەکی سیاسییە، هەروەها دۆسیەیەکی زۆر ئاڵۆزە.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کێشەی نەوت و داهات، کێشەیەکی سیاسییە.

گوتیشی: دۆسیەی نەوت، دۆسیەیەکی زۆر ئاڵۆزە، چونکە ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەهەرێمی کوردستان هەیە تەواو جیاوازە لەو سیستەمەی کە لەعێراق بەکاردێت، هەروەها هەرێمی کوردستان لە دەرهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی ئەزموونێکی باشی نییە، لەبەرئەوە ناکۆکی لەبارەی گرێبەستی دەرهێنانی نەوت دروست بووە، دەشڵێت: تێچووی یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 33 دۆلار، بەڵام لە عێراق 3 تا 7 دۆلارە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کێشانە دەبێت بە سیاسی چارە بکرێت، هەروەها ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی چوونی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەمەریکا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بێت.

ئەحمەد سەفار باسی لەوەش کرد، پێویستە سێ بابەت ڕوون بکرێتەوە، یەکەم، بابەتی هەژماری منە، کە خەڵک تێی ناگات، ئەوە تەنها کردنەوەی هەژمارێکە نەوەک سیستەم، فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش ئازادن بچنە هەر بانکێک هەژمارێک بکەنەوە، دووەم و سێیەم، ئەگەر حکوومەتی عێراق وەکو هەرێمێکی فیدراڵ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە کێشەی تەوتین و لیستی فەرمانبەران نامێنێت چونکە یاسایی نییە، چونکە دەستوور دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دارایی و ئابووریی خۆیی هەیە، دەبێت عێراق ساڵانە  ڕێژەی 12.67% بۆ هەرێم بنێرێت، بەمەرجێک هەموو داهاتی نەوتی نانەوتی بچێتە بەغدا.

دەشڵێت: ئێمە زۆر خەریکی بودجەی 2019 بووین جێبەجێ نەکرا، هەروەها  لە2021ش جێبەجێ نەکرا.