ئیسرائیل، حەماس بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات

ئیسرائیل
ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

ئیسرائیل تیمی دانوستانکاری لە قەتەر کشاندەوە و حەماس بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی لە کەرتی غەززە پەسەند کردووە.

نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، حەماس جارێکی دیکە پێشنیازی ئەمەریکایان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕەتکردەوە و بەردەوامن لەسەر داواکارییە قورس و نابەجێکانیان لەوانەش، ڕاگرتنی شەڕ بەزووترین کات و کشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەڵوێستی حەماس بەڕوونی سەلماندی نایانەوێت دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوام بن، بەڵگەیەکیشە بۆ زیانگەیاندن بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەربۆیەش تیمی دانوستانکاری خۆیان لە قەتەر دەکشێنینەوە.

ڕۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی یەکەم بڕیاری لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە پەسەندکرد و نوێنەری ئەمەریکاش لە ئەنجوومەنەکە ڕەتیکردەوە دەنگ بدات.

هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو نەبوو پرۆژەبڕیارەکە بە دەستەواژەی ئاگربەستی هەمیشەیی پەسەند بکات، لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا تەنیا ئاماژە بە ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی دەستبەجێ کراوە و جەختیشی لەسەر پێویستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە کردووەتەوە و داواشی کردووە، هەموو بەربەستەکانی پێش گەیاندنی هاوکارییەکان لابدرێن.