سێنتکۆم: چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان لەناوبرد

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان خستە خوارەوە کە کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایان لە دەریای سوور کردبووە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، سێنتکۆم لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، گرووپی حوسییەکان بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوورمەودا کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایان لە دەریای سوور کردە ئامانج، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا لەناوبراون.

تاوەکو ئێستا زیانەکانی هێرشی حوسییەکان بۆسەر ئەو کەشتییەی ئەمەریکا ئاشکرا نەکراوە و کە ئایا زیانی بەکەشتیەکە گەیاندووە یان نا.

لە 19ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2023ەوە، حوسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووریان کردووەتە ئامانج، کە گومانیان هەیە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت یان بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە دەڕۆن.

واشنتن سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتی دەکات بە ئامانجی "پاراستنی کەشتیوانی دەریایی" لەم ناوچە ستراتیژییەدا، کە 12%ی بازرگانی جیهانی تێیدا تێدەپەڕێت.

هێرش و گرژییەکانی دەریای سوور بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی کەشتییەکانیان بەرەو "ڕەئس رجا ساڵح" ڕێگای باشووری ئەفریقا لا بدەن.