گوتەبێژی کۆمیسیۆن: تا ئێستە پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان پێشکەش نەکردووە

لۆگۆکانی پارتی و یەکێتی
لۆگۆکانی پارتی و یەکێتی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستە پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش نەکردووە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-03-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردبوو. گوتیشی،  "12 کاندیدی سەربەخۆ لە هەولێر، 20 لە سلێمانی و 13 لە دهۆک ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە".

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیاران بڕیایدا بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو رۆژی، یەکشەممە، 31ـی ئادار.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن دووپاتیکردەوە، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. لە ماوەی رابردووشدا کاری زۆر باشی لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و حزب و هاوپەیمانێتییەکان کردووە".

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکی کۆمیسیۆن نەکراوە و پابەندن لە ئەنجامدانی وادەی هەڵبژاردنەکە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو.  

گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 783 هەزار و 552 کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە بەمەش زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کە دەکاتە رێژەی %26ـی کۆی رێژەی دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان نوێ نەکردووەتەوە.

هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دوای 24 کاتژمێر لە دەنگدان، ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، دوای 72 کاتژمێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان رادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، هەروەها  دوای 7 رۆژ ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و راپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.