دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری خاوەن پێداویستی تایبەتەکانی شاری کەرکووک دەکات

K24 – هەولێر

چاودێری خاوەن پێداویستی تایبەت ئۆفیسی کەرکووک لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند، ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناوەندی شاری کەرکووک و دەرەوەی شاری کەرکووک سوودمەند بوون لە هاوکارییەکانمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، دیاری عەبدولکەریم، چاودێری خاوەن پێداویستی تایبەت ئۆفیسی کەرکووک لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە درێژە پێدەری کار و چالاکییەکانمان لە مانگی رەمەزاندا، هەستاین بە دابەشکردنی کورسی جوڵاو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان.

بەگوتەی ئەو، "ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناوەندی شاری کەرکووک و دەرەوەی شاری کەرکووک سوودمەند دەبن لەم هاوکارییە، جگە لەوە ڕاهێنانی تایبەتییان فێر دەکەین لە چۆنییەتی بەکارهێنانی کورسییەکان بۆ ئەوەی بە تەندروسترین شێوە بەکاری بهێنن."

ئەو دەشڵێت: "زۆربەی کات هاووڵاتییان خۆیان سەردانمان دەکەن، دەزانن ئێمە ئەو پڕۆژەمان هەیە تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت لەناو دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئێمەش بەپێی قەبارەی خۆیان بۆیان دروست دەکەین و دەیدەین پێیان."

دیاری عەبدولکەریم گوتیشی: "چالاکی دابەشکردنی خۆراکمان بەردەوامە لەم مانگی ڕەمەزانەدا، دروستکردنی خانوومان هەبووە، لە کەرکووک و چەمچەماڵ، هەروەها چالاکییەکانیشمان درێژە پێدەر دەبێت لە مانگی رەمەزاندا".