واشنتن دژی پڕۆژەی لوولەی گازی نێوان ئێران و پاکستانە

K24 - هەولێر

ئەمەریکا ڕایگەیاند، پشتیوانیی لە پڕۆژەی لوولەی گازی نێوان ئێران و پاکستان ناکات و هۆشداریشی دا لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران.

بڕیارە ئەم لوولە گازەی سروشتی لە کەناراوەکانی ئێرانەوە  بگوازرێتەوە بۆ پاکستان و هیندستان، ئێران و پاکستان لە مانگی ئابی 2023 پلانێکی بازرگانیی پێنج ساڵەیان مۆر کردووە و ئامانجی بازرگانییە دوو قۆڵییەکەشیان بە بڕی پێنج ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مسەدق مالیک، وەزیری نەوتی پاکستان لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە دوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئەو لوولە گازەیە کە لە ئێرانەوە دێت.

 مومتاز زەهرا بەلوش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، "بڕیاری حکوومەتی پاکستان ئەوەیە کە پڕۆژەکە بەرەو پێشەوە بچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسلام ئاباد "ئیدارەی ئەمەریکای لە گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئاسایشی وزەی خۆی ئاگادارکردووەتەوە."

ماتیۆ میلە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە هەمیشە ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەین کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران مەترسی بەرکەوتن لەگەڵ سزاکانمان لە دژی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەین کە زۆر بە وردی ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرن، میلەر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە پشتگیری لەبەرەوپێشچوونی پڕۆژەی لوولەکە ناکەین".

هێڵی لوولە گازی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە "هێڵی ئاشتی" ناسراوە و پڕۆژەیەکی درێژخایەنە لە نێوان تاران و ئیسلام ئاباد، بەڵام چەند ساڵێکە ڕووبەڕووی دواکەوتن و ئاستەنگی دارایی بووەتەوە.