گرووپە چەکدارەکان ڕێگریی لە فراوانكردنی نه‌خشه‌ی شاری مووسڵ دەکەن
K24 – هەولێر:
حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌گوژمه‌ی شەش ملیار دینار پڕۆژه‌ی فراوانكردنی شاری مووسڵ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی مۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام گرووپه چه‌كداره‌كان ڕێگرن له فراوانبوونی سنووری شاره‌كه.
شاری مووسڵ کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، لە 24 ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانێکی تێدا نەکراوە، دوای هێرشی داعش بۆ شاره‌كه، ئه‌وه‌ی ئەو ڕێکخراوە دوای خۆی جێیهشێت، ماڵوێرانی و كاولكارییه‌كی گه‌وره بوو.
به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئێس جی ئای ئیتاڵی به‌گوژمه‌ی 6 ملیار دینار، بۆ ماوه‌ی 48 مانگ كار بۆ دووباره فراوانكردنی نه‌خشه‌ی شاری مووسڵ ده‌كرێت. كه كێشه‌ی ده‌یان هه‌زار پارچه زه‌وی كشتوكاڵی و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون چاره ده‌كات، بەڵام لایەنە سیاسییەکان كه خاوەنی گرووپی چەکدارن دژایه‌تی پرۆژەکە ده‌كه‌ن، له‌وانه؛ میلیشیای حه‌شدی شەبەکیی وەعد قەدۆ و میلیشیای بابلیۆنی ڕەیان کلدانی.
لەلایەن خۆیەوە، عه‌بدولقادر ده‌خیل، پارێزگاری نه‌ینه‌وا ڕایگەیاندووە، ئامانجی پرۆژەکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای هیچ ناوچەیەک نییە، بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، کە هێزە سیاسییەکان ترسیان لە فراوانبوونی شار هەیە، پڕۆژه‌كه لەسەر ڕووبەری حەوت کیلۆمەتر لە هەموو ئاراستەکانی مووسڵەوە ده‌بێت.
له‌م باره‌یه‌وه، ئیلیرا فهزالو، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئێس جی ئای ئیتاڵی ئاشكرای كردووه، پڕۆژه‌كه نه‌خشه‌سازیی و نوێكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی كۆنی شاره‌كه له‌خۆ ده‌گرێت و ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه، هه‌روه‌ها فراوانكردنی شاره‌كه گشت كه‌رته‌كانی ناوچه نیشته‌جێبوو و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ڕێگریی گرووپه چه‌كداره‌كان، شێروان دووبه‌ردانی، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاندووه، خەڵکی نەینەوا بە مەزهەب و پێکهاتەکانیەوە، پشتیوانی له گەشەپێدانی پارێزگاکەیان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویسته ڕەچاوی تایبەتمەندی دەشتی نەینەوا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی بكرێت.
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کردووە: گەورەترین بەربەست لەبەردەم پڕۆژەکەدا میلیشیای شەبەکی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبییه.
هاوكات سه‌عدون شه‌ممه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕه‌تیده‌كاته‌وه، ئه‌م پڕۆژه‌یه ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیا بێت، ئه‌وه‌ی ئه‌م ترسه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه، میلیشیاكانن و گوتی: "وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا پێیانوایه گۆڕانی گه‌وره له وه‌به‌رهێنان، نیشته‌جێبوون و خزمه‌تگوزاری له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه ڕوو ده‌دات".