قوتابییان و مامۆستایان به بڕیاری داشكان له کرێی خوێندنی پارالێڵ خۆشحاڵن
K24 - هەولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان بە ڕێژەی 20% داشکان بۆ کرێی خوێندنی پارالێڵ له كۆلێژ و پهیمانگه حكوومییهكان کرد؛ هاوكات قوتابییان پێشوازیی له بڕیارهكهی سهرۆكوهزیران لهو بارهیهوه دهكهن.
نزیکەی 25%ـی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین كە پتر له سێ ههزار قوتابین، بە پارالێڵ دەخوێنن .
مامۆستایان و قوتابییان به بڕیارهكهی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی دڵخۆشن و ڕایدهگهیهنن ههنگاوێكی گرنگه لە کاتێکدا کە خۆیان و خێزانەکانیان بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە ڕووبەڕووی نادڵنیایی دارایی دەبنەوە .
بوشرا شهماڵ، قوتابی کۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سهڵاحهددین تایبهت به كوردستان24 ڕایگهیاند، داشکاندن لە کرێی خوێندنی پارالێڵ ڕێگەیان پێ دەدات سەرنجی پتر بخەنە سەر خوێندنەکانیان و کەمتر نیگەرانی باری داراییان بن.
کۆی داشکاندن لە کرێی خوێندنی پارالێڵ، دبلۆم، بکالۆرێۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای ئەمساڵی خوێندن بریتی دەبێت لە 85% لە کرێی خوێندنی کۆی ساڵەکە.
مامۆستایانی زانکۆش پێیان وایه داشکاندنەکە یارمەتیی کەمکردنەوەی هەندێک لە فشارە داراییەکانی پەیوەست بە بەدواداچوونی خوێندنی زانکۆ، کارێکی لە پێشینە بوو.
ئازاد عەزیز، سەرۆکی بهشی زمانی كوردی له كۆلێژی پهروهردهی زانكۆی سهڵاحهددین تایبهت به كوردستان24 ڕایگهیاند، داشكاندنهكه یارمهتیدهر دهبێت بۆ كهمكردنهوهی ههندێك له فشاره ئابووریی و داراییهكانی سهر خوێندكاران و خانهوادهكانیان كه لهلایهن حكوومهتی فیدراڵهوه بۆ ههرێمی كوردستان دروست كراوه.
کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردووشدا لە پێناو ئاسانكاریی لە پرۆسەی خوێندندا، بەردەوام داشكاندنی لە خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاکاندا کردووە، لێخۆشبوونی ئەمجارەیش کاریگەری زیاتری لەسەر توانای دارایی خوێندکاران دەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ ئەوەی دۆخی ناهەمواری ئابووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارمان دا وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).
داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.