هه‌ردوو سەرۆکی تورکیا و ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبنه‌وه
K24 - هەولێر:
بەرپرسێکی تورکیا ئەمڕۆ هەینی (29ـی ئاداری 2024) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا 9ـی ئایاری 2024 لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.
كه دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوە لە کۆشکی سپی لەنێوان هەردوو سەرۆكه‌كه‌دا.
بە گوێرەی زانیارییه‌كانی فرانس پرێس، ئیدارەی بایدن، دوای ئەوەی ئەندامێتی سوێدی لە ناتۆ پەسەند کرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە خێرایی ناردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ـی بۆ تورکیا پەسەند کرد کە گوژمەکەی دەگاتە 23 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
فرانس پرێس هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە دواکەوتنی سەردانەکەی سەرۆکی تۆرکیا بۆ ئەمەریکا دەگەرێتەوە بۆ توڕەیی ئەردۆغان لە واشنتۆن بەهۆی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ چۆنیەتی بەردەوامی پێدان بەو شەڕەی کە لە دژی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە هەیە.
ئەردۆغان بۆتە یەکێک لە توندترین ڕەخنەگرانی ئیسرائیل و ئەو وەڵامدانەوە وێرانکەرەی کە ئیسرائیل پیشانی داوە بۆ هێرشە تیرۆریستیەی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە.
پێشتر، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەرۆکی تورکیا، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە ئەدۆلف هیتلەر بەراورد کردووە و ئەمه‌ریکای بە سپۆنسەری "جینۆساید"ی فەڵەستینییەکان تۆمەتبار کردووە.
ئه‌ردۆغان پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا بكات، به نیازه لە کۆتاییهاتنی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ سه‌ردانی عێراق بكات.
رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆماوه‌ی چەند رۆژێک بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس له ئیسرائیل کوژران و زیاتر لە 240 کەسیشیان له‌و وڵاته بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.
هه‌روه‌ها تاكو ئێستا به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس، زیاتر له 32 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینیش كوژراون.
ئاماده‌كردنی له ئینگلیزییه‌وه: كامه‌ران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا