پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی (سندووقی گەشەپێدانی عێراق)دا دەكات

لە ماوەی تەنیا ساڵێكدا، 8 ملیار دۆلار لە سندووقەكەدا ون بوو

دوای دەست گەیشتنی بە چەند زانیارییەك دەربارەی ونبوونی ملیاران دۆلار لە داھاتی نەوت، پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا دەكات.

 

پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی (سندووقی گەشەپێدانی عێراق)ی تایبەت بە داھاتەكانی نەوت لە دوای ساڵی 2003، كە بە ملیاران دۆلاری تیادا دیار نەما.

سندووقی گەشەپێدانی عێراق كە بە (دی ئێف ئەی) ناسراوە، لەسەر پێشنیاری حكوومەتی عێراقی و بە رەزامەندی بانكی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكی، بە پێی بڕیاری ژمارە (1483)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی پاراستنی پارە و داھاتی عێراق لە داواكاریی قەرزدەرەكان و مەترسی بەتاڵانبردنی دامەزراوە. بۆ ئەوەی داھاتەكانی نەوتی بخرێتە ناو و پارە و داھاتەكە بۆ دابینكردنی بوودجە و سەرلەنوێ نۆژەنكردنەوەی وڵاتەكە بەكار بھێندرێ.

لەم بارەیەوە نورە سالم ئەلبجاری، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاژانسەكانی ڕاگەیاندووە، كەوا لیژنەكەیان بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی چەند لیژنەیەكی دیكەی دیاریكراو، دۆسیەی داھاتەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەكەنەوە. بە تایبەتی دوای ئەوەی زانیاریی وردیان بەدەست گەیشتووە، كەوا بڕێكی زۆر لەو داھاتانە ونبوونە و بڕێكی دیكەش لەلایەن خاوەن قەرزەكانەوە با بیانووی قەرەبۆكانی جەنگ، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەلبجاری ئاماژەی بەوەش كردووە، كاتێ ساڵی 2013 دۆسیەی سندووقەكە ڕادەستی عێراق كرا، زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری تێدا بوو، كەچی دوای ساڵێك، ئەو رێژەیە بۆ 10 بلیار دۆلار كەمی كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەودەم بە ھۆی شەڕەوە بڕیار لەسەر بوودجە نەدرابوو.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت ئەو داھاتەی لە سندووقەكەشدا مابووو ون بوو، ئەمەو بەبێ ئەوەی ھیچ كەس و لایەنێك، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی، باسی بڕ و قەبارە و چارەنووسەكەی بكەن.