سەرەڕای نەناردنی مووچە، بەغدا کێشەی بۆ ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمیش دروست کردووە

kurdistan24.net

K24 – بەغدا:

نزیکەی 10 ساڵە هەولێر و بەغدا لەسەر کێشە داراییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هەر ساڵێک لەنێو پرۆژە یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکردێت، بەڵام ئەوەی لەسەر مەرەکەبی کاغەزە لەسەر ئەرزی واقع وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵی عێراق، بری 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە برەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە برەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: بەغدا پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق و یاسای بودجەی وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە پێشتر ڕێککەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا  مۆر کرابوو و لە یاسای بودجەش پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای فیدراڵی بەشێک لەو رێککەوتنانەی هەڵوەشاندووەتەوە و کێشەکانی هەولێر و بەغداشی قوڵترکردوەتەوە.

لەوبارەیەوە عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند: "سەبارەت بەو دۆسیانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن بڕواناکەم بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، چونکە بەردەوام رێککەوتن هەیە، بەڵام دواتر دەبینین پاشگەزدەبنەوە و پاپەندی رێککەوتنەکان نابن و ئێستا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش زیادی کردووە".

بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان چاویان لەوەیە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 هەمواربکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی ڕاستەقینە دەربهێندرێت و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەک هەمواری یاساکە ئامادە نەکراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەکانی بودجەشی بۆ ساڵی 2024 رەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکردووە.