جۆ بوچینۆ: پێویستە عێراق ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرێت

جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"
جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم، ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە ئەمەریکا فشار لە سوودانی بکات بۆ ئەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە، هاوکات دەڵێت: هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نییە.

جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، کشانەوەی ئەمەریکا بیرۆکریرکی خراپە، پیویستە ئەو هێزانە لە سووریا و عێراق هەبن بۆ چاودێریی داعش چونکە داعش هیشتا هەڕەشەیە لەسەر جیهان، ئەو هەڵەیەمان لە ئەفغانستان کرد کاتێک کشاینەوە بینیمان لەوێدا کە داعش چۆن جموجۆڵەکانی زیادی کردووە.

گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم، دەڵێت: پێویستە عێراق فشار لەسەر هەرێمی کوردستان لابدات و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرێت.

جۆ بوچینۆ، ئاماژەی بەوەدا، بانگهێشتکردنی سوودانی ئێستە بۆ ئەمەریکا کارێکی باش نییە، دەبێت فشار لە سوودانی بکرێت هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش بپارێزێت.

گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم، گوتی: دەبێت سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە، بە شێوەیەکی فەرمی سوودانی هیچ داواکارییەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پێشکەش بەو وڵاتە نەکردووە.

جۆ بوچینۆ، گوتیشی: بەرپرسیارەتی ئەمەریکا ئەوەیە پشتیوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.

بڕیارە 15ـی مانگی داهاتوو، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. جانتاکەی سوودانی چەندین تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان، گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکایە.