زیلینسکی: بە مووشەکی  ATACMS لە کریمیا دەدەین

k24 - هەولێر

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دوای بەدەستهێنانی مووشەکی تاکتیکی ATACMS کە لە ئەمەریکا دروست کراون، هێرش دەکەینە سەر کریمیا.

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند، بەنیازە هێرش بکاتە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی کریمیای ڕووسیا، کە ڕووسیا لەوێوە ئامانجەکانی ئۆکرانیا دەپێکێت.

ئەو گوتی: "ئەگەر ڕووسیا بزانێت دەتوانین ئەو فڕۆکانە لەناوبەرین، ئەوا هەرگیز لە کریمیاوە هێرشیان نەدەکردە سەرمان، ئێمەیان لە  دەریاکان دەرکرد، ئێستا ئێمەش لە فڕۆکەخانەکانی کریمیاوە دەریان دەکەین".

پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، کە پنتاگۆن ڕاسپێردراوە بۆ گەیاندنی مووشەکی ATACMS بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش دوای ئەوەی مووشەکی نوێی PrSM کەوتنە بەردەست و خزمەتی ئەمەریکا.

کریمیا لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە ڕووسیا کرد، بەڵام ئۆکرانیا تا ئێستاش بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت و بە "خاکی داگیرکراوی کاتیی" ناوی دەبات.