ڕووسیا: ئۆکرانیا بەنیاز بوو تیرۆرستەکان خەڵات بکات

K24 - هەولێر

ڕووسیا دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات.

سڤێتلانا پاتلینکۆ گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کردەوە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆیان کرد، لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرانیاوە بەڵێنی خەڵاتکردنیان پێ درا بوو.

ئەو جەختی لەوەش کردەوە، بەڵگەی سەلمێنەرییان هەیە دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا لە هێرشەکەی سەر مۆسکۆ تێوەگلاوە.

سڤێتلانا پاتلینکۆ ڕاشیگەیاند، ئەو تیرۆریستانەی هێرشەکەی مۆسکۆیان کرد، بەرەو ئۆکرانیا دەچوون، تا ئەو خەڵاتەی بۆیان ئامادە کرابوو، وەربگرن.

گوتیشی: "ژمارەیەک ڕێکاری لێکۆڵینەوەمان گرتووەتەبەر تا ئەوەی سەلماندوومانە دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئۆکرانی لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر مۆسکۆ تێوەگلاوە."

ئێوارەی ڕۆژی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکداری داعش لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆ، هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێک لە هۆڵی کۆرکوس و دەستڕێژیان لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرد و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 139  کوژراو و ده‌یان بریندار بوونە.

دوای دامەزراندنی گرووپی چەکداریی داعش لەسەر دەستی ئەبوبەکر بەغدادی، حافز سەعید خان، چەکدارێکی پێشووتری بزووتنەوەی تاڵیبانی لقی پاکستان، لە ساڵی 2014 لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانی دیکەی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەیعەتیان دا بە ئەبوبەکر بەغدادی و بوو بە ئەمیری گروپی داعشی خۆراسان و عەبدولڕەئوف کازم، سەرکردەیەکی پێشووتری بزوتنەوەی تاڵیبان پۆستی جێگری سەعید خانی گرتە دەست.

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری جیابووەوە لە تاڵیبان، وەک چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان و کۆمەڵەی سەربازیی ئیسلام و تۆڕی حەققانی لە ئەفغانستان و کۆمەڵەی دەعوە و بزوونتەوەیەکی چەکداری لە ئۆزبەکستان.