ژمارەیەک پەرلەمانتار سەبارەت نرخی بەنزین، داوای میوانداریی سوودانیی و عەبدولغەنی دەکەن
K24 - هەولێر
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق داوای میوانداریی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لە هۆیەکانی بەرزکردنەوەی نرخی هەردوو جۆری بەنزینی سوپەر و موحەسەن بدەن.
نووسراوەکە، ئیمزای 17 پەرلەمانتاری لە سەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە؛ ئەوان نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین نۆماڵ دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی لە سەر خەرجییەکانی خەڵکی عێراق و بەرزکردنەوەی نرخی سەرجەم کەلوپەل و کاڵاکانی بازاڕیش دەبێت.
هەروەها ئاماژەیانداوە، لەم بارەوە بڕگەیەک هەیە لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر نەدراوە.
هەر لە داواکارییەکدا ڕایانگەیاندووە، دەبێت پاڵاوگەکانی کەربەلا و بێجی بخرێنەوە کار لە پێناو زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتیوانیی ئابووریی نیشتمانی.
26ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی بەنزین بە ڕێژەی نزیکەی 30٪ بەرز کردەوە و بەم بڕیارەش لیتری بەنزینی موحەسەن لە 650ـەوە بۆ 850 و جۆری سوپەریش لە هەزار دینارەوە بۆ 1250 دینار زیاد کرا.
هەر لە دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، دانیشتوانی شاری بەسرە شەوی چوارشەممە لە بەردەم تەلاری پارێزگای شارەکەیان گردبوونەوەی ناڕەزایی خۆیان دەربڕیی و داوای دابەزاندنەوەی نرخی بەنزین و دەرکردنی کرێکارانی بیانیان کرد.