سی ئێن ئێن: ئەمەریکا و ئیسرائیل گفتۆگۆ دەربارەی هێرشکردنە سەر ڕەفەح دەکەن

K24- هەولێر

کەناڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، ڕەنگە ڕۆژی دووشەممە 1ـی نیسان بکرێت.

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکەن، ڕایانگەیاندووە، شاندی ئیسرائیل داوای کردووە ڕۆژی دووشەممە گفتۆکان دەست پێبکەنەوە، ئەمەش بەهۆی لەبەرچاوگرتنی کێشە ناوخۆییەکانی حکوومەتی ئیسرائیلە، چونکە بەنیازن لە 31ـی ئادار ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ دابڕێژن سەبارەت بە بانگهێشتیی جوولەکەکانی "حریدیم"بۆ خزمەتی سەربازی.

هەروەها بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کرد، وادەی کۆبوونەوەکە بە هیچ شێوەیەک دیاری نەکراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە دادگای باڵای وڵاتەکەی کردووە کە وادەی داڕشتنی پڕۆژە یاساکە دوا بخات، بۆیە تا ئێستا دیار نییە کە ئایا شاندی ئیسرائیل مۆڵەتی پێویست بۆ چوونە ئەمەریکا تا یەکی نیسان، وەردەگرن یان نا.

لە سەرەتادا، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دانوستانەکان دەست پێبکەن، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانوستانەکانی هەڵوەشاندەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژە بڕیارێک کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە کەرتی غەززە کردبوو، ڤیتۆی خۆی بەکار نەهێنا وەک چۆن لە ڕابردوودا چوار جار بەکاری هێنابوو.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، کارەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی وادەیەکی گونجاو بۆ هەردوولا.