ئیسرائیل بڕی ئەو هاوکارییانەی ئاشکرا کرد کە بۆ غەززە نێردراون

K24 - هەولێر

یەکەی هەماهەنگیی حکوومەتی ئیسرائیل لە ناوچەکانی فەڵەستین ڕایگەیاند: لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 252.2 هەزار تۆن خۆراک گەیشتووەتە کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی یەکەی هەماهەنگیی حکوومەتی ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لانیکەم 19 هەزار و 448 بارهەڵگر کە 363 هەزار و 700 تۆن هاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی چوونەتە کەرتی غەززە.

لە نێو ئەو بارهەڵگرانەدا 11 هەزار و 954 بارهەڵگر، 252.2 هەزار تۆن خۆراکیان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، هەزار و 409 بارهەڵگر 28.1 هەزار تۆن ئاویان پێ بووە، 2 هەزار و 832 بارهەڵگریش 40.7 هەزار تۆن کەرەستەیان هەڵگرتووە بۆ ڕێکخستنی پەناگەی کاتی، هەزار و 705 بارهەڵگر 198 هەزار تۆن دەرمانیان بارکردووە، هەروەها 1539 بارهەڵگری تر زیاتر لە 22.5 هەزار تۆن کاڵای هەمەچەشنەیان گەیاندووە.

یەکەی هەماهەنگی جەختی کردەوە، جگە لەوەش لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە 207 تانکەر سووتەمەنی و 401 تانکەر غازی ماڵان ڕادەستی کەرتی غەززە کراون.

بەگوێرەی داتاکان زۆربەی هاوکارییەکان هی ئیمارات، تورکیا، سعوودیە و ئەمەریکا بوون لە ڕێگەی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی و دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی (UNRWA) نێردراون.