یەکێتیی ئەوروپا، گەشتی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی تورکی بەسەر ئاسمانی فینلەندادا قەدەغە کرد

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەیەکی تورکی ڕایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە، گەشتەکانی کۆمپانیای Southwind تورکی بە ئاسمانی فینلەندادا بۆ ڕووسیا قەدەغە کرد.

ڕۆژنامەی "توریزم گونسل"ـی تورکی ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی "پەیوەندییەکانی  کۆمپانیای Southwind تورکی کە بنکەکەی لە ئەنتالیایە، لەگەڵ ڕووسیا" گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایەی بە ئاسمانی فینلەندادا قەدەغە کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری یەکێتیی ئەوروپای ڕاگەیاند، کە بنەمای یاسایی ئەو سزایانەی سەر ڕووسیا  بوو کە لە مانگی تەمموزی 2014 بەهۆی دۆخی ئۆکرانیا دەرکرابوون.

کۆمەڵەی گەشتیاران لە ڕووسیا (ATOR) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو قەدەغەکردنەی کە یەکێتیی ئەوروپا بەسەر کۆمپانیا تورکییەکەدای سەپاندووە، بووەتە هۆی دواکەوتنی گەشتی گەشتیارانی ڕووس لە شەرم شێخەوە بۆ مۆسکۆ.

لە بەرامبەردا دەزگای گواستنەوە و گەیاندنی فینلاند "ترافیکۆم"ـی ئاگادار کردەوە کە بەهۆی "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا" ڕێگە بە " Southwind" نەدات گەشتەکانی بۆ فینلاند بکات.