بۆ یه‌كه‌مجار دوای دەست لەکار کێشانەوەیان؛ فراكسیۆنی سه‌درییه‌كان کۆبوونەوە
K24 - هەولێر
فراكسیۆنی سه‌درییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار دوای ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌یان لە پەرلەمانی عێراق، كۆبوونه‌وه.
ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 29-03-2024، بە بەشداریی دەیان ئەندام، فراكسیۆنی سه‌درییه‌كان بۆ جاری یەکەم دوای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌یان له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ پێکهێنانی لیژنەکانی پەیوەندیکردن به بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كان، کۆبوونەوە.
له‌و باره‌یه‌وه نووسینگەی موقتەدا سەدر، ڕێبه‌ری ڕەوتی سەدر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرای كردووه، فراكسیۆنی دەست لەکارکێشاوەی سەدر، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتی سەدری، لە نووسینگه‌ی شەهید محه‌ممه‌د سه‌در کردووە. کۆبوونەوەکە تایبه‌ت بووه به پێکهێنانی لیژنەکان کە ئەرکیان پەیوەندیی لەگەڵ بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كانیان ده‌بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەندان جار ئاماژەیان بەوە داوە، به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان بۆ نێو پرۆسەی سیاسی لە عێراق، هاوسه‌نگیی هێز ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پێشتریش سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەکی شیعە لە عێراق ڕایانگەیاندبوو، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، لەڕێگەی نێوەندگیرە نهێنییەکان نامەیەکی بۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ناردووە بۆ ئەوەی لێکگەیشتنیان هەبێت لەسەر گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، پاش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، مالیکی تاکە بەرپرسی شیعە نییە کە هەوڵی پەیوەندی لەگەڵ سەدر دەدات، بەڵکوو سەرکردەکانی وەک عەممار حەکیم و هادی عامری داوایان لێ کردووە پلانی ئەو، سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی بزانن.
ڕۆژی 29ـی ئابی ،2022 ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستبەرداربوونی خۆم لەکاری سیاسی ڕادەگەیەنم". ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا، داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن و ئاماژەی بەوە کرد، "بەشدارینەکردنتان لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کەم دەکاتەوە".