هۆشداری لافاو لە نۆ پارێزگای ئێران دەدرێت
K24 – هەولێر
شارەزایەکی بواری کەشناسی لە بەشی چاودێریی و پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسیی ئێران، هۆشداری لە شەپۆلێکی باران لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری ئێران دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆیەوە مەترسی دروستبوونی لافاو لە سنووری نۆ پارێزگا هەیە.
فەریبا گودەرزی، شارەزای کەشناسی بە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی ڕاگەیاندووە: شەپۆلەکە، ئەمڕۆ شەممە، لە چەند ناوچەیەک دەست پێدەکات و تا وەکوو کۆتایی حەفتە بەردەوام دەبێت.
بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، کەشناسیی، دۆخی زەردی لە پارێزگاکانی ئەردەبیل، چارمەحاڵ و بەختیاری، خوزستان، ئازەربێخانی شەرقی، کۆهگیلویە و بویر ئەحمەد، ئیسفەهان، فارس ڕاگەیاندووەو ئاماژەی داوە، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگایانە هەیە و لەوانەی رێگەکانی هاتووچۆش دابخرێن.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایانە ئەگەری بەفربارین هەیە و بە پێچەوانەشەوە لە ناوچەکانی باشووری ئێران پێشبینی بایەکی بەهێز دەکرێت.