سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە

کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینیستوتی ئەمەریکی کوردی
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینیستوتی ئەمەریکی کوردی

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئینیستوتی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی ڕایگەیاند، بانگهێشکردنی سوودانی بۆ ئەمەریکا، سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدایە.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئاداری 2024، کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینیستوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە دوای 2023وە ئامادەکاریی بۆ ئەم  سەردانەی سوودانی بۆ واشنتۆن دەکرێت.

بەگوتەی ئەو، "بەهۆی هەندێک فاکتەرەوە چەندین جار ئەو سەردانە دواخراون، ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە لە 15ـی مانگی داهاتوو ئەم سەردانە لە ڕووی پرۆتۆکۆڵەوە ئامادەکاریی بۆ کراوە. کات و ئەجێندای بۆ دیاری کراوە، پێموایە لەم سەردانەدا چەند تەوەرێک باس دەکرێت، یەکەمیان دڵنیابوونەوەیە لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق، دووەمیان کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبێت."

کارۆخ خۆشناو دەشڵێت: "پێموایە لە ڕێگەی ئەو یاداشتنامەیەی هەشت سیناتۆرەکە کە داویانە بە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، کە خۆشی کاراکتەرێکی شارەزایە لە عێراق و ڕۆژهەلاتی ناوەراست و بەتایبەت لە دۆزی کورد، بەر لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بێت جێگری ئۆباما بووە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و بەرپرسی دۆسییەی عێراق بووە پێشتریش بۆ ماوەی 36 ساڵ سیناتۆر بووە."

ڕاشیگەیاند، جۆو بایدن لە سەرۆکەکانی پێش خۆی، لە دۆزی کورد شارەزاترە.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر پێکهێنانی حکوومەتەکەیدا، 15ـی نیسانی 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جانتایەکی پڕەوە سەردانی واشنتن دەکات و بڕیارە لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرەیەک بکەن، دیارترینیان داهاتووی ‌هێزەکانی هاوپەیمانی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدان.

تەوەرەی هەرە سەرەکیی گفتوگۆی سوودانی لەگەڵ بایدن و بەرپرسانی ئەمەریکا، پەیوەستە بە هێزەکانی هاوپەیمانان و داهاتوویان لە عێراق، بە گوێرەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی، پەیوەندیی دوای قۆناغی هاوپەیمانی و هاوبەشیی گشتگیریی نێوان عێراق و ئەمەریکا، بابەتی هەرە دیاری گفتوگۆکان دەبێت.

دۆسیەیەکی دیکەی سەر مێزی گفتوگۆکانی سوودانی لە واشنتن، تاوتوێی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە، لە پابەندبوون بە دەستوور و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە تا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. چونکە، بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەمەریکین و داوایان لە کۆنگرێس کردووە فشار لە حکومەتی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی دەست  بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

هەروەها دۆسیەیەکی دیکەی نێو جانتاکەی سوودانی، پەیوەندی بە سزای سەر بانکە عێراقییەکان و بەهای دۆلارەوە هەیە، چونکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسی لە گرتنەبەری چەند ڕێکارێک لە بەرانبەر بانکە عێراقییەکان کردووە و جەختیشی لەوە کردووتەوە سیستەمی بانکیی عێراق پێویستی بە چاکسازییە و پێویستە ڕێگری لە سپیکردنەوەی دۆلار بکرێت.

جیا لەوانەش بڕیارە باس لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی، تەندروستی، پەروەردە  و خوێندنی باڵا بکرێت و چەند ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە لەنێوان هەردوولا مۆر بکرێن.

سەردانەکەی سوودانی لە کاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 24ـی شوباتی ڕابردوو، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئەمەریکا و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و داوای پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئەمەریکاش پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.