تیمی جۆو بایدن زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلاریان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کۆکردووەتەوە

K24 - هەولێر

جۆو بایدن کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ دابینکردنی بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، لە نیویۆرک.

لە کۆبوونەوەی ئێوارەکەدا باراک ئۆباما و بیل کلینتۆن سەرۆکانی پێشووتری ئەمەریکا بەشدارییان تێدا کرد. هەروەها تیمی بایدن بڕێکی پێوانەییان کۆکردەوە کە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار بووە، ئاماژەیان بەوەشدا کە ئەم بڕە پارەیە زیاترە لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە مانگی شوباتدا کۆیکردۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بایدن پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم پاڵپشتی دارایی کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی فەڵەستین لەبەردەم هۆڵەکەدا ناڕەزایەتیان دەردەبڕی و خەڵکی ژوورەوەش گاڵتەیان پێدەکردن.

ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناودارەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد، لەنێویاندا گۆرانیبێژان لەتیفە و لیزۆ، سەرۆکانی پێشووتر ئەمەریکا ئامادەی کۆبوونەوەی پرسیار و وەڵام بوون کە لەلایەن ئەکتەری کۆمیدی ستیڤن کۆلبێرت سەرپەرشتی دەکرا و ئانا وینتۆر، سەرنووسەری گۆڤاری "ڤۆگ" بەشدار بوو لەدانیشتنەکە.

گفتوگۆکە بابەتی جددی و هەندێک گاڵتەجاڕی لەخۆگرتبوو، هەروەها تیشکی خستە سەر توانای حزبی دیموکرات بۆ کۆکردنەوەی پارە، کەناڵی "ئێن بی سی" نیوز بڵاویکردەوە، تێچووی گرتنی وێنەیەک لەگەڵ سەرۆکی ئێستا و باراک ئۆباما و کلینتۆن دەگاتە 100 هەزار دۆلار.

جێفری کاتزنبرگ، خاوەن پارەی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دیموکراتەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "ژمارەکان درۆ ناکەن، ڕووداوەکەی ئەمڕۆ نمایشێکی گەورەی هێز و ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەوەی بایدن و هاریسە".

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی دیموکراتەکان سەرچاوەی بەخشینی باشتری هەیە لە چاو ڕکابەرە کۆمارییەکانی، کە ئەو پارەیەی لەلایەن لایەنگرانیەوە کۆدەکرێتەوە، بەشێکی بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی پەیوەست بە ڕێوشوێنە یاساییەکەی کە تووشی بووە، مەبەستی پرسی دادگاییکردنەکانی ترەمپ بوو.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ڕکابەرە کۆمارییەکەی بایدن بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە ناوچەی نیویۆرک بوو و بەشداری لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی پۆلیسێکی کوژراوی شاری نیویۆرکدا کرد.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکانی ئەم دواییەی ڕۆیتەرز،ئیپسۆس دەریدەخەن کە ڕێژەی پەسەندکردنی بایدن لەلایەن خەلکەوە 40%ە و لە کێبڕکێیەکی تونددایە لەگەڵ ترەمپی تەمەن 77ساڵ پێش هەڵبژاردنەکانی 5ـی تشرینی دووەم.

نمایشی پشتگیرییەکانی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا، کە هاوکات لە حزبی دیموکرات بوون، لەگەل بایدن بۆ نیشاندانی پاڵپشتی حزبەکەی بایدن و هێزی کۆکردنەوەی پارە بۆ هەڵمەتی هەلبژاردن.

بە گوتەی دیموکراتێکی ئاگادار لە پلاندانانی رێوەڕەسمەکە، نرخی بلیتی ئەم بۆنەیە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەرێوەچوو، لە نێوان 250 بۆ 500 هەزار دۆلاردا بووە. پێشبینی دەکرا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەشداری بۆنەکە بکەن.

بایدن بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە ترەمپ زیاتر توانیوویەتی سەرمایە بۆ هەڵمەتی هەلبژاردن کۆبکاتەوە. ئەم سەرمایانە لە رێگەی بەخشینی گەورە و بەخشینی بچووک کە تا 200 دۆلار کەمتریش وەگیراوە.

هەوڵەکانی بایدن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، لە مانگی شوباتدا بووەتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە 53 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی  تەنها دوای 24کاتژمێر لەدوای وتارەکەی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە 7ـی ئادار، بایدن توانی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری دیکەش کۆبکاتەوە.

لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پلانی کۆماریخوازەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ترەمپ تا 6ـی نیسان ئامانجی کۆکردنەوەی 33 ملیۆن دۆلاری هەیە.

ڕاوێژکارێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپئاماژەی بەوەکرد، کاندیدەکە ناتوانێت هاوتای بایدن سەرمایە کۆبکاتەوە، هۆکاری ئەمەشی گەراندەوە بۆ لایەنگرە "ملیاردێر"ەکانی دیموکراتەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە لایەنگرانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ زیاتر لە چینی مامناوەند و کرێکارانەوە پێکدێت.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی 2024، دەبێتە 60ەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیارە ڕۆژی 5-10-2024 بەڕێوە بچێت.