ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا: گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای "ژینا ئەمینی" دەکرێت

K24 - هەولێر

دوای زیاتر لە حەوت مانگ، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە 16ـی نیساندا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای "ژینا ئەمینی" دەکەن.

بینجامین کاردن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، کە سەر بە دیموکراتەکانە، بڕیاریدا پڕۆژەکە بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە؛ ئەو هەنگاوەش لەلایەن نوێنەرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لەنێویاندا نوێنەری کۆمارییەکان جیم بانکس، کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا ئەمینی و بەرپرسیارکردنی ئێران لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دەبێت پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە".

بانکس داوای لە چاک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکراتەکان کرد کە پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی پیران بخاتە دەنگدانەوە.

پرۆژەکەی "ژینا ئەمینی" کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگ کە 410 دەنگ بوو پەسەند کرا، ئیدارەی ئەمەریکا هان دەدات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئێران لەبەر  پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیی تیرۆر.

پڕۆژەکە، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکات لە ماوەی 90 ڕۆژدا، لە دوای پەسەندکردنی سزاکان، هاوکات داوای بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو بەرپرسە ئێرانییانەش دەکات کە بەشدارییان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا کردووە.

مایک مەککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆمارییەکان، ڕەخنەی توندی لە ئیدارەی بایدن گرت سەبارەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا،  مەککۆل گوتی: ئێمە چەندین یاسای سزامان هەیە کە داڕێژراون  و باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە دەکەن، بەڵام ڕوونە کە ئەم سزایانە نەسەپێندراون، سەرەڕای هەبوونی ئەم پێشێلکارییانە.

مەککۆل، هێرشی کردە سەر ئیدارەی ئەمەریکا گوتی: "نابێت گەلی ئێران بفرۆشین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی خراپ".

ئەو ڕەخنانە بووە هۆی گومان لە ئیدارەی بایدن، کە هەر پڕۆژە یاسایەکی لەم جۆرە مۆر بکات، هەر لەبەر ئەم هۆیەش ​​ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی دیموکراتەکانەوە پڕۆژە یاساکەیان خستەڕوو بۆ گفتوگۆکردن.

ڕۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان، خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "ڕەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تاران دەستگیر کرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی سپارد و ڕۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای مەزنی خەڵکدا، بە خاک سپێدرا.