سبەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

بەبەشداری 34 پارتی سیاسی، سبەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی قورسیش لەسەر شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنقەرەیە، چونکە دەستەواژەیەک لە سیاسەتی تورکیا هەیە، ئەوەی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە، تورکیای بردووەتەوە.

دەستەواژەیەک لە سیاسەتی تورکیا هەیە، ئەوەی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە، تورکیای بردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا هەموو چاوەکان و کێبڕکێی قوڕسی لایەنەکانیش لە دوو گەورەترین شارەکەی ئەو وڵاتە بێت. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019، ئاکپارتی هەردوو شارەوانییەکەی بۆ جەهەپە لەدەستدا بەڵام لە 2023 ئەردۆغان هەر لە دەسەڵات بە براوە مایەوە.

لە کاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی چەند جارێک لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە دوا هەڵبژاردنە بەشداری دەکات، بۆیە جارێکیتر کێبڕکێکان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە گەرمتر بوونەوە و پرسیاری ئەوەش هاتە پێشەوە، ئایا ئەردۆغان دوا هەڵبژاردنی تەمەنی سیاسیی خۆی دەدۆڕێنێت یاخود هەموو کارێک دەکات بۆ سەرکەوتن و گێڕانەوەی متمانە بۆ راستکردنەوەی شکستەکەی پێشووی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەو دوو گەورە شارەوانییە.

لە تورکیا، لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ بابەتی کەمی مووچە و قەیرانی ئابووری زیاتر باسی لێوە دەکرێت، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بەڵێنی چارەسەرکردنی رەوشی ئابووری تورکیا دەدەن و رەخنە لە کەمی مووچەی فەرمانبەران دەگرن، ئێستا ئەو پرسە بووەتە بەشێک لە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و لایەنەکان دژی یەکتربە کاری دێنن.

بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 34 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.

31ـی ئەم مانگە لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو، دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی لایەنەکان بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت.