به‌ریتانییه‌كان له یادی هه‌شتا ساڵه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندیدا، 1475 په‌یكه‌ر بۆ قوربانییه‌كانیان دروست ده‌كه‌ن
K24 – هەولێر:
خۆبه‌خشه گوندنشینه‌كانی به‌ریتانیا به بۆنه‌ی هه‌شتایه‌مین ساڵیادیی ئۆپه‌ڕاسیۆنی نۆرماندی خه‌ریكی كۆتاییهێنانن به ته‌واوكردنی پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ری بۆ قوربانیانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه، كه بووه هۆی كۆتاییهێنان به هه‌ژموونی نازییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌وروپادا.
پڕۆژه‌ی "وەستان لەگەڵ زەبەلاحەکان - Standing with Giants" بیرۆكه‌ی دان بارتۆنی پسپۆڕی دووباره نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كان بوو كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پێشكه‌شی كرد. ناوبراو له نزیک ئۆکسفۆرد دەژی. بارتۆن پێی وابوو، ئەم بیرۆکەیە دەبێتە ڕێزلێنانێکی "بەهێز" بۆ ئەو سەربازانەی کە لە کاتی ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندیدا كوژران.
خۆبه‌خشه گوندنشینه‌كانی به‌ریتانیا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له‌ژێر ڕۆشنایی بیرۆكه‌كه‌ی بارتۆندا، ده‌ستیان به دروستكردنی 1475 په‌یكه‌ری جیاجیای مرۆڤ كردووه وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌و 1475 سه‌ربازه‌ی كه له ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندیدا له 6ـی حوزه‌یرانی 1944ـدا كوژران.
بڕیارە ژمارەیەک سەرۆکی وڵاتان و سه‌ربازه دێرینەکان کە تا ئێستا لە ژیاندان و به‌شدارییان له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا كردووه، لە 6ـی حوزەیرانی ئه‌م ساڵدا لە نۆرماندی (باکووری ڕۆژئاوای فەرەنسا) بەشداری لە ئاهەنگی هەشتا ساڵەی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیەدا بكه‌ن كه بووه هۆی كۆتاییهێنان به هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان له ئه‌وروپا. هاوكات بڕیاریشه ئه‌و 1475 په‌یكه‌ره‌ی كه له لایه‌ن خۆبه‌خشه گوندنشینه‌كانی به‌ریتانیا دروست كراون، هه‌مان ڕۆژ نمایش بكرێن.
به‌ریتانییه‌كان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن 25 هه‌زار سه‌ربازییان به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا كردووه. هاوكات ته‌واوی ئه‌و په‌یكه‌رانه لە 5ـی نیسانی ئه‌م ساڵ له بەندەری پۆرتسمۆسەوە بۆ نۆرماندی ده‌گوازرێنه‌وه و له ناوه‌ڕاستی هه‌مان مانگدا له شوێنی مه‌به‌ست داده‌نرێن و تاوه‌كو كۆتاییه‌كانی مانگی ئابی ئه‌م ساڵ كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رواری كۆتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، له هه‌مان شوێندا ده‌مێننه‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندی كه نزیكه‌ی 18 هه‌زار په‌ڕه‌شووتوانی فه‌ره‌نسی، به‌ریتانی، ئه‌مه‌ریكی، كه‌نه‌دی، ئوسترالی، چیكی، هۆڵه‌ندی، به‌لژیكی، یۆنانی، نیویزله‌ندی، نه‌رویژی و پۆڵه‌ندی به‌شدارییان تێدا كرد، به گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنی وشكانی و ده‌ریایی داده‌نرێت له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا.
هاوكاتی دابه‌زینی ئه‌و 18 هه‌زار په‌ڕه‌شووتوانه، كه‌شتیگه‌لی هاوپه‌یمانان كه زیاتر له 130 هه‌زار سه‌ربازی هێزه وشكانییه‌كانیان هه‌ڵگرتبوو، به‌ره‌و ناوچه‌ی نۆرماندی له رۆژئاوای فه‌ره‌نسا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای ئه‌ڵمانیا پێشڕه‌وییان كرد و له رۆژی یه‌كه‌می ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 4000 هه‌زار سه‌ربازی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له ناوچه‌ی نۆرماندی جێگیر بوون.
رۆژی (دووشه‌ممه 3ـی ته‌مووزی 2023) میدیاكانی فه‌ره‌نسا بڵاویان كرده‌وه، لیۆن گۆتییه وه‌ك دوایین سه‌ربازی جه‌نگاوه‌ری فه‌ره‌نسی به‌شدار له ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندنی له نه‌خۆشخانه‌ی كاین له ته‌مه‌نی 100 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. گۆتییه دوای ساڵانی به‌شداریكردنی له ریزه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی و هاوپه‌یمانان له دژی فاشیزم، خۆی بۆ ئاشتی جیهانی ته‌رخان كرد و بووه یه‌كێك له چالاكانی ئه‌و بواره و په‌ند و ئه‌زموونه‌كانی خۆی له‌و بواره له جیهان بڵاوده‌كرده‌وه.
گۆتییه یه‌كێك بوو له كۆماندۆ‌كانی فیرقه‌ی تایبه‌تی كۆماندۆی كیڤه‌ر كه له‌گه‌ڵ 177 كۆماندۆی دیكه‌ی فه‌ره‌نسی له 6ـی حوزه‌یرانی 1944، به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی نۆرماندی كرد، كه تێیدا هه‌ژموونی ئه‌ڵمانیای نازی به‌سه‌ر رۆژئاوای ئه‌وروپا پاشه‌كشێی كرد.
گۆتییه له ساڵی 1940 په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی فه‌ره‌نسای ئازاد كرد له له‌نده‌ن، كه شارل دیگۆل سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد. گۆتییه له 6ـی حوزه‌یرانی 2023 له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی 100 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی، گوتی "تۆ كه‌سانێك ده‌كوژیت كه هیچیان به‌رامبه‌رت نه‌كردووه، له كاتێكدا ئه‌وان خێزاندارن، هاوسه‌ر و منداڵیان هه‌یه، كوشتنی ئه‌وان له پای چییه و چ مانایه‌كی هه‌یه؟"