ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزە لە هەفتەی كۆتایی یەكلایی دەبێتەوە

گرتەیەك لە یاریی رانیە و چوارقوڕنە لە یاریگەی ئازادەڕەش 2023 ـ 2024 فۆتۆ: كەریم
گرتەیەك لە یاریی رانیە و چوارقوڕنە لە یاریگەی ئازادەڕەش 2023 ـ 2024 فۆتۆ: كەریم

لە خولی نایابی كوردستان، یانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و ئاكرێ سەركەوتنیان تۆمار كرد و هەنگاوێكی دیكە لە بردنەوەی نازناوەكە نزیك بوونەوە، شێروانەش ئەم هەفتەیەش 2 خاڵی لەدەست داوە و بۆ بردنەوەی نازناوەكە پێویستی بە موعجیزەیە، بەگوێرەی ریزبەندی خولەكە، ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزە لە هەفتەی كۆتایی یەكلایی دەبێتەوە.

دێربی راپەڕین گڕی گرت
لە یاریی لوتكەی دێربی راپەڕین، رانیە لە نێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی میوانداریی چوارقوڕنەی دراوسێی كرد، چوارقوڕنە چەند هەفتەیەك پێش ئەم یارییە لە كاربەریكردنی نازناوەكە هیوای نەما، لە بەرامبەردا رانیەش لەو یارییە بەدوای تروسكاییەك دەگەڕا، بەڵام ئەنجامی ئەو یارییە رانیەی هیوابڕ كرد، بەوپێیەی یارییەكە بە یەكسانبوون بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
لە خولەكی 19 مەحمود شاكر بەرگریكاری چوارقوڕنە شریتی گۆڵەكانی بری، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە بەسوودی چوارقوڕنە كۆتایی هات.
لە خولەكی 68 ماردین مەلائاری ئەنجامەكەی بۆ رانیە یەكسان كردەوە، دواتر لە خولەكی 84 بەڵێن فایەق گۆڵی دووەمی بۆ چوارقوڕنە كرد و دیسان یانەكە پێشكەوتەوە، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، رانیە بە هەڵەی یاریزانێكی چوارقوڕنە ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، لەو یارییەدا موستەفا ئەمین لە یانەی رانیە بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.
بەم ئەنجامە یانەی رانیە بە 38 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە خانەی چوارەم مایەوە، لە بەرامبەردا چوارقوڕنە بە 35 خاڵ پلەی هەشتەمی گرتووە.

ئاكرێ بەربەستی سۆرانیشی تێپەڕاند
ئاكرێ لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی و لە نێو یاریگەی خۆی باوەشی بۆ یانەی سۆران كردەوە، یارییەكە لە نیوەی یەكەم بەبێ گۆڵ كۆتایی هات، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم ئیسحاق مینسا گۆڵی سەركەوتنی ئاكرێی تۆمار كرد و یارییەكە تا كۆتایی بەو تاكە گۆڵە لەبەرژەوەندی ئاكرێ كۆتایی هات.
بەم ئەنجامە یانەی ئاكرێ بە 47 خاڵ لە پێشەنگی خولی نایابی كوردستان مایەوە، یانەی سۆرانیش بە 27 خاڵ لە دوایین خانەی ریزبەندی خولەكە دێت و نزیكە لە دابەزین بۆ خولی پلەدووی كوردستان.

لە یارییەكی پڕگۆڵ دا پێشمەرگە سەركەوتنی تۆمار كرد
لە بەرزاییەكانی پیرمام یانەی پێشمەرگە میوانداریی یانەی هەولێری كرد، لە خولەكی 45 عەبدوڵڵا سەربەست بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكەوتنی بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 49 دانا كامەران گۆڵی دووەمی بۆ پێشمەرگە زیاد كرد، هەمان یاریزان گۆڵی سێیەمیشی لە خولەكی 71 بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكە هەولێر دوو گۆڵی لە رێگەی محەمەد هاوار و عومەر جەنگی تۆمار كرد، بەڵام نەیانتوانی ئەنجامەكە یەكسان بكەنەوە و یارییەكە بە ئەنجامی 3 ـ 2 لە بەرژەوەندی پێشمەرگە كۆتایی هات.
پێشمەرگە بەم سەركەوتنە بەردەوامی دا بە كێبڕكێی نازناوی ئەم وەرزە و ژمارەی خاڵەكانی لە پلەی دووەمی ریزبەندی گەیاندە 45 خاڵ، لە بەرامبەردا هەولێر یە 31 خاڵ پلەی چواردەیەمی گرتووە لە ناوچەی سووری دابەزین نزیكە.

 

.

 

شێروانە هەنگاوێكی دیكە لە نازناوەكە دووركەوتەوە
لە یارییەكی دیكەدا، شێروانە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی هەندرێنی شاری هەولێر، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
گۆڵەكانی شێروانە عوسمان كەریم و ئەحمەد فەلاح تۆماریان كرد، گۆڵەكانی هەندرێنیش لە لایەن سەفا حوسامەدین و شادومان سەباح تۆمار كران. لەو یارییەدا بەمۆ غەریب لێدانێكی پێناڵتی شێروانەی بەفیڕۆ دا.
بەم ئەنجامە شێروانە بە 43 خاڵ لە خانەی سێیەم مایەوە، یانەی هەندرێنیش بە 37 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت.

یارییەكانی دیكە
یانەی سەیدسادق لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە شەقڵاوە هێنا و یارییەكەی 2 ـ 1 بردەوە، ئەمە هەشتەمین سەركەوتنی یانە شارەزوورییەكە بوو لەم وەرزە.
لە یارییەكی دیكەشدا دەربەندیخان و برایەتی بەبێ گۆڵ یەكسانبوون، زاخۆش لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1-3 بەرامبەر ئارارات تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بڕیاریشە سبەی بە ئەنجامدانی یاریی دهۆك و سیروانی نوێ كۆتایی بە یارییەكانی ئەم گەڕە بێت.

 

.

 

كێ دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە؟
نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان لە نێوان یەكێك لە یانەكانی (ئاكرێ، پێشمەرگە یان شێروانە) یەكلایی دەبێتەوە، ئەگەر ئاكرێ بتوانێت لە هەر سێ هەفتەی كۆتایی بەرامبەر یانەكانی برایەتی، ئارارات و چوارقوڕنە براوە بێت، بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی ركابەرەكانی بۆ یەكەمجار لە مێژووییدا دەبێتە پاڵەوان، بەوپێیەی ئێستا 47 خاڵی هەیە و بە جیاواز 2 خاڵ لە پێش نزیكترین ركابەرییەتی كە یانەی پێشمەرگەی هەولێرە.
یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ بردنەوەی نازناوەكە پێویستی بەوەیە كە سەرجەم یارییەكانی خۆی بباتەوە و چاوەڕێی شكستێكی یانەی ئاكرێش بكات، لە بەرامبەردا یانەی شێروانە هێشتا هیوای بۆ بردنەوەی نازناوەكە لەدەست نەداوە، ئەگەر بتوانێت 3 یاریی داهاتووی بباتەوە، ركابەرەكانیشی خاڵ لەدەست بدەن ئەوا یانە كەلارییەكە دەتوانێت بەشێوەیەكی موعجیزە نازناوی ئەم وەرزە بباتەوە.

كام یانانە دادەبەزن؟
دوای تێپەڕبوونی 27 گەڕ بەسەر خولی نایابی كوردستان، ریزبەندییەكە بە جۆرێكە، لە پلەی حەوتەم كە یانەی دەربەندیخانە تا پلەی شازدەیەم كە یانەی سۆرانە لە نێو ناوچەی سووری دابەزینن، بەڵام بە پلەی یەكەم یان سۆران نزیكترین یانەیە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە خولی نایاب بكات، لە پلەی دووەم یانەكانی شەقڵاوە و هەولێر نزیكترین بەربژێرن بۆ دابەزین، لە پلەی سێیەم یانەكانی ئارارات، دهۆك، برایەتی، سەیدسادق، زاخۆ، چوارقوڕنە و دەربەندیخان كە هێشتا مانەوەیان بە فەرمی لە خولەكە مسۆگەر نەكردووە.

.