ڕێژەی هەژاری له پارێزگای دیوانیە له بەرزترین ئاستدایه و حكوومه‌تیش به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ریی نییه
K24 – هەولێر:
تا ئێستا ڕێژەی هەژاری له پارێزگای دیوانیە لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا له بەرزترین ئاست دایه، بەبێ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت چارەسەری بۆ ڕێگری له به‌رزبوونه‌وه‌ی پتری ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌و پارێزگایه و پارێزگاكانی دیكه دابنێت؛ هاوكات ژمارەیەک چالاکیی میللی هەڵمەتی پشتیوانی کۆمەڵایەتییان بۆ یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان لە پارێزگاکە لە ماوەی ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا ڕاگەیاندووە.
هاوڵاتییەکی ئه‌و پارێزگا عێراقییه تایبه‌ت به كوردستان24 ئاماژەی بە واقیعی ژیانی خۆی کرد، کە لە ژوورێکی بچووکدا لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژی، کە لە هه‌شت کەس پێک دێت و ده‌ڵێت، بەبێ کەمترین پێداویستییەکانی ژیان له‌و ژووره‌دا ده‌ژین و هاوین و زستان ژیانێكی زۆر سه‌ختیان هه‌یه، كه ته‌نانه‌ت له‌و ژووره‌دا ده‌خه‌ون و نان ده‌خۆن و پشوو ده‌ده‌ن.
هاووڵاتییه‌كی دیكه‌یش كه بارودۆخ و گوزه‌رانی له هاووڵاتییه‌كه‌ی دیكه باشتر نه‌بوو، به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، لە ژوورێکی بچووکدا دەژی كه سەقفەکەی وێران بووە. گوتشی، هیچ کارێکی نییە بۆ پاراستنی منداڵه‌كانی له سه‌رمای زستان و گەرمای هاوین. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، منداڵه‌كانی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ژیانێکی باشترن لەو هەژارییە زۆرەی خێزانه‌كه‌یان بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئیبراهیم شەیبانی، خاوەنی کەمپینێکی بەخشین، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، هەڵمەتە مرۆییەکان لە پارێزگای دیوانیە بەشێوەیەکی تاکلایەنە دەستی پێ کردووە، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت هەژاری و حاڵەتی نەخوازراو له‌نێو خێزانه‌كانی پارێزگاكه‌دا كه‌م بكه‌نه‌وه. گوتیشی،
زۆری خێزانەکان بەهۆی کەمتەرخەمی و بێبه‌رنامه‌یی حکوومەتەوە لە ژیان و واقیعێكی پڕ له ئازار و ده‌رده‌سه‌رییه‌وه ده‌ناڵێنن.
محه‌ممه‌د بەدری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دەستەی مافی مرۆڤ لە دیوانیە به كوردستان24ـی ڕایگەیاند: پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کارێکی ڕاستەقینە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری کە گەیشتووەتە زیاتر لە 47% ده‌بێت ببێته ئه‌وله‌ویه‌تی كاری حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
محه‌ممه‌د بەدری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تا بەرنامەیەک نەبێت کە پارێزگاكه بەرەوپێش ببات، ناتوانرێت ده‌سته‌به‌ری بۆ ئابوورییه‌كی باش بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.
لە ناو ئەو ماڵ و گەڕەکە وێرانانەی کە بێبەشن لە هیچ خزمەتگوزارییەک، منداڵانی ئەم خێزانانە جوانترین ساڵەکانی ته‌مه‌ن و ژیانیان بە بێبەشی لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان له هەموو شتێک کە پێی دەوترێت شارستانیەت، پاک‌وخاوێنی و ئاسوودەیی بەسەر دەبەن.