پشتیوان سادق: زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە ناخەوە پەیڕەوی پێکەوەژیانی ئایینی دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ئه‌وقاف ده‌ڵێت، زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە ناخەوە پەیڕەوی پێکەوەژیانی ئایینی دەکەن.

 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌میانی بەشداری لە پانێلی پێکەوەژیانی ئایینی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لەوە کردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر قوڵکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف گوتیشی: زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە ناخەوە پەیڕەوی پێکەوەژیانی ئایینی دەکەن، ئەمەش هاوکارییەکی زۆر باشە بۆ بەهێزکردنی ئەو پێکەوەژیانە.

هه‌ر ئه‌مڕۆش سه‌رۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت) و سەری ساڵی نوێ و جەژنەكانی ئەكیتۆ رایگه‌یاند، لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەك نابێ پاشەكشە بە فەرهەنگی پێكەوەژیان بكرێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کریستیانه‌كان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە جیهان.