مەتران بەشار: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران دەرخەری کولتووری پێکەوژیانن لە هەرێمی کوردستان

مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر
مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، هەشت هەزار خێزانی کریستیان لە عەنکاوە دەژین، کریستیانەکان لە دەرەوەی وڵاتیش بۆ یادکردنەوەی جەژن روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئاداری 2024) مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە ئەم جەژنانە لە هەولێر بە شێوەیەکی زۆر تایبەت بەڕێوەدەچن، چونکە نزیکەی هەشت هەزار خێزانی کریستیان لە عەنکاوە دەژین.

سەرۆکی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر، دەڵێت: ساڵانە خێزانە کریستیانەکان لە دەرەوەی وڵات لە هەولێر یادی ئەم جەژنە دەکەنەوە و ئەم جۆرە جەژنانەن بۆ دەرخستنی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوژیانن.

مەتران بەشار وەردە، گوتیشی: "زۆر دڵخۆشبووین بە پیرۆزباییەکەی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەیە کولتووری پێکەوەژیان و تێگەیشتن لەوەی خۆشی خەڵکانی دیکە خۆشی ئێمەشە".

جەژنی قیامە، جەژنێکی کریستیانەکانە و گوزارشت لە زیندووبوونەوەی مەسیح دەکات و زۆربەی کات دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی مانگی نیسان، بۆ ئەمساڵ بڕیارە لە 31ـی ئادار كرستیانەكان جەژنەكە بكەن کە رێڕەوی رۆژووگرتنی گەورە و سەردەمی قوربانیدان و قوربانی ئازار و رەنجە لەگەڵ مەسیح.