سلێمانی.. دوو کرێکار لە باڵەخانەیەک کەوتنە خوارەوە و مردن
K24 - هەولێر
دوو کرێکار لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، لە نهۆمی 20ـەمی باڵەخانەیەک کەوتنە خوارەوە و مردن.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، دوو کرێکاری بە ڕەگەز سووری لە نهۆمی 20ـەمی تەلارێکی پڕۆژەی "دەروو سیتی" لە گەڕەکی قولەڕەیسی سلێمانی، کەوتوونەتە خوارەوە و مردوون.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، تەرمی ئەو دوو کرێکارە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواستراونەتەوە. گوتیشی، لە ڕووداوەکەدا تەنها ئەو دوو کرێکارە مردوونە و هیچ کرێکارێک بریندار نەبووە.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکاران، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی خۆپارێزی و پابەندنەبوونی کرێکارەکان لە کاتی کارکردندا، ساڵی 2023، زیاتر لە 40 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن مردوون.