پۆلیتیکۆ: لەناو فڕۆکەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دزی کراوە

K24 - هەولێر

بردنی کەلوپەلەکانی ژووری ڕۆژنامەنووسانی ناو فڕۆکەی سەرۆکی ئەمەریکا کە چەندان کەلوپەلی گرانبەهای تێدا دیار نەماوە، مشتومڕی لێکەوتووەتەوە. 

ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ بڵاوی کردەوە، "ساڵانێکە دەیان ڕۆژنامەنووس و کەسانی دیکە بە هێمنی جانتاکانیان پڕکردووە لەو کەلوپەلانەی ژووری ڕۆژنامەنووسان پێش ئەوەی لە فڕۆکەی 'ئێر فۆرس وان' دابەزن ".

بەڵام مانگی ڕابردوو کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی ئیمەیڵێکی بۆ ئەندامەکانی نارد و هۆشدارییەکی توندی تێدا بوو سەبارەت بەو شمەکە یادگارییانەی لە ژووری ڕۆژنامەوانانی ناو فڕۆکەکەدا بزر بوونە.

ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ باسی لە تەقە و زرنگەی قاپ و کەلوپەلی شووشەی ناو جانتای ڕۆژنامەنووسەکان کردووە، کاتێک لە فڕۆکەکە دابەزیون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا پەیامنێرێکی پێشووی کۆشکی سپی میوانداری ڕۆژنامەیەکی گەورەی کردووە لە خوانێکی ئێوارەدا لە ماڵەکەی خۆی، لەو کاتەدا خواردن لەسەر کۆمەڵێک قاپی زێڕین پێشکەش کرا کە لە فڕۆکەی "ئێر فۆرس وان" دزرابوون.

پەیامنێرێک وەڵامی کۆمەڵەی پەیامنێرانی دایەوە و کۆبوونەوەیەکی "نهێنی"ـی لە نێوان خۆی و بەرپرسێکی ڕۆژنامەوانیی فەرمی لە پارکێکی بەرامبەر کۆشکی سپی ڕێک خست، بۆ گەڕاندنەوەی سەرینێک کە لە شوێنی پەیامنێران لە ناو فڕۆکەکەک بردبووی.

سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی گەشتەکانیدا، زۆربەی جار 13 ڕۆژنامەنووس یاوەریی دەکەن کە لە کابینەیەکی بەشی دواوەی فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا دادەنیشن، هەروەها میدیاکان تێچووی گەشتی ڕۆژنامەنووسەکان دەدەن، لەوانەش ئەو ژەم و خواردنەوەوانەی کە لەناو فڕۆکەکە پێشکەشیان دەکرێت.

تیمی فڕۆکەکە تەنها شوکولاتەی کۆمپانیای M&M دابەش دەکەن، کە مۆری سەرۆکایەتیی و ئیمزای سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرە، کوپ و کەلوپەلی دیکە کە لۆگۆی "ئێر فۆرس وان"ـێ لەسەرە، لە ڕێگەی ماڵپەڕی کۆشکی سپییەوە بۆ کڕین، بەردەستە.