پلانی پرسەی شا چارلزی سێیەم دانراوە

K24 - هەولێر

18مانگ لەمەوبەر شا چارڵزی سێیەم بوو بە پاشای بەریتانیا، بەڵام پلانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی کەژاوەی تەرمەکەی، پێشتر بۆ دانراوە، کە ئێستا گیرۆدەی  نەخۆشیی  شێرپەنجەی پەنکریاس بووە.

شوێنی ڕێوڕەسمی پرسەکەی شا کە ناوی "کردەی پردی مەنای"ـە، هاوشێوەی مەراسیمی پرسەی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم دەبێت کە ناوی " کردەی پردی لەندەن" بووە.

لەگەڵ سەختبوونی نەخۆشییەکەی، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ماڵپەڕی "In touch"یان  ڕاگەیاندووە، پلانی کۆتایی پرسەی چارڵز لە کاتی خۆیدا و لە پێشینەی کارەکاندا بێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، "ئەمە ڕووداوێکی تاڕادەیەک باو و ئاساییە لەنێو ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا، بەڵام لە سەر دۆخی چارڵز، ئەو شێوازە پێویستە"، دەشڵێن: "هەندێک کەس لایان وایە شێرپەنجەی چارڵز لەوە خراپترە کە بیریان لێ دەکردەوە".

بڕیارە "کردەی پردی مینای" ئەم پرۆتۆکۆلانە لەخۆ بگرێت: کاتێک شا دەمرێت، تەرمی چارڵز لە ژووری شاهانە لە کۆشکی باکینگهام دەگوازرێتەوە بۆ هۆڵی وێستمینستەر، تەرمەکەی لەوێ دەمێنێتەوە و پاش نۆ ڕۆژ پرسەکەی بەڕێوە دەچێت، هەروەها پێدەچێت لە قەڵای ویندسۆردا بنێژرێت.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، پرسەکە " بە هەموو ئەو شکۆمەندی و ڕێوڕەسمانە بەڕێوە دەچێت، کە شایەنی شای بەریتانیایە".

 سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو بنەماڵەی شاهانە بە "In touch" گوت: "شا چارڵز زۆر نەخۆشە، بە سادەیی ناتوانێت خێزانە دابەشبووەکەی، بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی تاج بەڕێوە ببات و ئەرکەکانی ڕۆژانە جێبەجێ بکات"، شێرپەنجەکە هەر بە زیندووی دەیخوات، ئەو زۆر لاوازە و دۆخەکەی زۆر خراپە".

ئەمە لەکاتێکدایە زۆرێک وایان زانیبوو کە میراتگرەکەی شازادە ویلیام، دەبێتە جێگرەوەی، بەڵام بەهۆی دەستنیشانکردن و چارەکردنی شێرپەنجەی شازادە کەیت میدلتۆن، لە خشتەی شاهانەدا دیار نییە.

سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە: "چارڵز فشارەکانی بوونە شا دەزانێت، هەروەها دڵنیاش نییە لەوەی ویلیام ئامادەیە جێگەی  بگرێتەوە".

بەم جۆرە دۆخی ئێستای بنەماڵەی شاهانە و داهاتووی دەسەڵاتی پاشایەتی لەرزۆک دەردەکەوێت، تەنانەت دەوترێت شاژنە کامیلاش بەهۆی تێکچوونی تەندروستی چارڵزەوە بێزار بووە.

"پردی مێنای" کۆدێکە بۆ پلانەکانی پەیوەست بە مردنی شا چارڵزی سێیەم، ناوەکەش ئاماژەیە بۆ پردێکی هەڵواسراو لە وێڵز.