چاڤی: هەرگیز نائومێد نابین

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا لە گەڕی 30 لالیگای ئیسپانیا و لە یاریگای خۆی میوانداری لاس پالماسی کرد و یارییەکەشی بە ئەستەم بە ئەنجامی 1-0 لە میوانەکەی بردەوە.

بارسێلۆنا لە پێناو زیاتر نزیککەوتنەوە لە پێشەنگایەتی لالیگا و لە گەڕی 30 خولەکە، لە یاریگای خۆی میوانداری لاس پالماس خاوەنی پلەی 12 ریزبەندی کرد، لە کۆتاییدا بە ئەستەم توانی یارییەکە، بە تاکە گۆڵی رافینها لە میوانەکەی بباتەوە.

دوای یارییەکە چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا کە بەهۆی سڕکردنی نەیتوانی لەناو یاریگا سەرکردایەتی تیپەکەی بکات، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەبارەی یارییەکە گووتی '' گرنگترین شت لەم یارییە ئەوە بوو رێگەمان بە یاریزانەکانی بەرامبەرنەدا گۆڵ تۆمار بکەن، ئێمە ئەم وەرزە زۆرترین زیانمان لە هەڵەکانی خۆمان پێگەیشتووە، خۆشبەختانە ماوەیەکە یاریزانەکانمان کەمترین هەڵە دەکەن ''.

راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی رکابەریان لەسەر بەدەستهێنانی پێشەنگایەتی خولی ئیسپانیا دەڵێت '' هیوادارم بتوانین بەردەوام بین لە رکابەری کردنی پێشەنگایەتی لالیگا، ئەوەی لەسەر یاریزانەکانمان بووە ئەنجامیانداوە و هاندەرانیش دڵنیا دەکەمەوە، تاوەکو کۆتا یاریی، لەسەر هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەرگیز نائومێد نابین ''.