ئێنریکێ داوایەکی لە ئێمباپێ هەیە

لویس ئێنریکێ راهێنەری پاریس سانجێرمان و کلیان ئێمباپێ
لویس ئێنریکێ راهێنەری پاریس سانجێرمان و کلیان ئێمباپێ

لویس ئێنریکێ راهێنەری ئیسپانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، داوا لە کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەکەی دەکات، لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.

کلیان ئێمباپێ ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، دەنگۆیەکی بەهێزیش هەیە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە و ریزەکانی یانەکەی جێدێڵێت، بۆیە راهێنەری یانەکەی هیواخوازە لەو چەند مانگەی ماوە، لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە و گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

لویس ئێنریکێ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی بەرامبەر ئۆڵمپیک مارسێی لە گەڕی 27ـی خولی فەرەنسا رایگەیاند '' نائومێد نیم و بەو هیوایەم کلیان گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بهێینە بەرچاوتان ئەم وەرزە سەرجەم ناسناوەکان ببەینەوە و ئەو کات ئەو یاریزانە لە بڕیارەکە پاشگەزبێتەوە و گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، هەر کاتێکیش ئێمباپێ بڕیاریدا لەگەڵ یانەکەمان بەردەوام بێت، بەبێ دوو دڵی پێشوازی لە بڕیارەکەی دەکەین و بە هەموو شێوەیەکیش پاڵپشتی دەکەین ''.

لە ماوەی رابردوو دەنگۆیەکی بەهێز بڵاوبووەتەوە، ئێمباپێ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید گەیشتووەتە رێکەوتن، بۆیە ئەم وەرزە کۆتا وەرزی لەگەڵ یانەکەی دەبێت و وەرزی داهاتووش درێسی یانە ئیسپانیەکە لەبەر دەکات.