لەوانەیە ئیمباپێ لەگەڵ پاریس بەردەوام بێت

کلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان
کلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان

دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کلیان ئیمباپێ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیاوە بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا گومانێک هەیە ئەو یاریزانە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە و لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.

گرێبەستی هێرشبەرەکەی شازادەکان، کۆتایی ئەم وەرزە تەواو دەبێت و هەموو ئەگەرەکانیش باس لەوە دەکەن، ئەو یاریزانە بڕیاری داوە بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە بکات، بەڵام هەندێ گومانیش هەیە کە وادەکات ئەو یاریزانە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان هیوایان وایە یانە ئیسپانیەکە لەسەر دەستی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەربکرێت، ئەو کاتە خۆیان هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوەی ناسناوەکە بدەن و بگرە ڕێگاکەشیان ئاسانتر دەبێت.

سەرچاوە کەتەلۆنییەکە بڵاویشی کردووەتەوە، ئەگەر یانە فەرەنسیەکە ئەم وەرزە سەرجەم ناسناوەکان بە تایبەت چامپیۆنزلیگ بباتەوە، ئەو کات دەتوانن ئیمباپێ رازی بکەن و ئەو بەڵێنانەشی بۆ جێبەجێ بکەن کە پێیانداوە، بە تایبەت پرۆژە وەرزشیەکەیان.

یانە شازادەکە، لە ماوەی ڕابردوو بەڵێنی پرۆژەیەکی وەرزشی سەرکەوتووی بە کلیان ئیمباپێ داوە، سەرەتا لویس ئێنریکی وەکو ڕاهێنەری یانەکەیان دەست نیشان کرد و پاشان چەند یاریزانێکیان لەسەر خواستی گۆڵکارەکەیان گواستەوە ڕیزەکانیان، ئێستا یانە فەرەنسیەکە ئەو دەرفەتەی لەبەردەمە، بە بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەڵێنەکانی تەواو بکات.

بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەن بۆ وەرزی داهاتوو، پێکهاتەیەک لەسەر خواستی کلیان ئیمباپێ دروست بکەن، هەروەها هەموو دەسەڵاتەکانیشی پێشکەش دەکەن، تەنها لە پێناو ئەوەی ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە پاریس، خودی کلیان ئیمباپێ ئاگادار کراوەتەوە، لە ئەگەری چوونی بۆ ڕیزەکانی ریاڵ مەدرید، بە دڵنیاییەوە ئەو دەسەڵاتەی لای ئەوان هەیە، لە ڕیزەکانی ئەو یانەیە نابێت و دەبێت لەژێر سێبەری یاریزانانی وەکو ڤینیسیۆس و بێلینگهامدا بێت.