هەڵمەتی نەمام چاندن و ژینگەپارێزی لە سنووری هەولێر بەڕێوەچوو

هەڵمەتی نەمام چاندن
هەڵمەتی نەمام چاندن

K24 – هەولێر:

بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە بواری ژینگەپارێزی لە سەرجەم ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، حکومی و ناحکومی، هەڵمەتی نەمام چاندن و ژینگەپارێزی لە سنووری هەولێر بەڕێوەچوو.

چرا بێستون، قوتابی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە بەردەوام نەمام بچێندرێت بۆ ئەوەی کەشی ژینگە خاوێن بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو ناکەین، هەروەها دەبێت هۆشیاری ژینگەپارێزی زیاتر بڵاوکەینەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش پابەند بن بە پاکڕاگرتنی ژینگە.

ئەمە بۆ سێیەم ساڵە کە ئەم یادە دەکرێتەوە و توانراوە لەو رێیەوە منداڵان رابهێنرێن بە خۆشویستن و ناسینی ژینگە، بڕیارە لەمەودواش ژینگە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن و کاتی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت.

چالاکییەکان پێکدێن لە چاندنی نەمام و هەڵمەتی پاککردنەوە، هەروەها لەم رۆژەدا  دوو وانە تەرخاندەکرێت بۆ ئەم چالاکییانە، هەروەها پەروەردەی ژینگەیی زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری و تێگەیشتن و پێزانینی ژینگە و کێشەکانی، کە وا دەکات قوتابی و مامۆستایان هەنگاوی بەرپرسیارانە بنێن.

لازان یەحیا، مامۆستا بە کوردستان24ـی گوت: هەموو ساڵێک لە بەرواری 31ـی ئادار ئەو یادە بە جوانترین شێوە دەکەینەوە بە چەندین چالاکی، دیارترینیان هەڵمەتی نەمام چاندن، بۆ ئەوەی خۆشەویستی ژینگە زیاتر لەناو دڵ و دەروونی قوتابییان جێگیر بکەین.