مۆسکۆ.. ئامادەکردنی خوانی بەربانگ لە دووەم گەورەترین مزگەوت

kurdistan24.net

K24 – مۆسکۆ:

لە مزگەوتی میمۆراڵی مۆسکۆ کە دووەم گەورەترین مزگەوتی رووسیایە، هەموو ئێوارەیەکی مانگی رەمەزان خوانی بەربانگ بۆ رۆژووەوانان ئامادە دەکرێت.

ئەزیفە ئیسایێڤا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی خوانی بەربانگ، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ 19دەهەمین خوانی بەربانگ بەڕێوەدەچێت، ئەم پڕۆژەیە بەدەر لە خوانی ئێوارە دەوڵەمەندە بە بەرنامەی کولتووری، 30 دامەزراوەی جیاواز لە رێکخستنیدا بەشداری دەکەن، ئێمە رۆژانە خواردن بۆ 1500 کەس ئامادە دەکەین.

بەشێکی زۆری موسڵمانان لە مۆسکۆ رۆژانە کار دەکەن و زیاتر لە 15 کاتژمێریش بەڕۆژوودەبن، هەموو ئێوارەیەکی مانگی رەمەزان بەدیار سەیرکردنی فیلم و گوێگرتن لە ئامۆژگاری پیاوانی ئایینی چاوەڕێی بانگی مەغریب دەکەن. وەک خۆیان دەڵێن: بەشدارییان لەو چالاکییە دژوارییەکانی رۆژگاریان لەبیردەباتەوە.