دیندار زێباری: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بە پاراستنی هەرێمی کوردستان

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگ بوو، ئەم بڕیارەش وایکرد هەرێمی کوردستان دروست بێت. هاوکات دەڵێت: کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەو راستییە تێگەشتووە، کە تەنیا هەرێمی کوردستان دۆستی راستەقینەیەتی.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئەم هەرێمە و پاراستنی خەڵکی کوردستانە لە رژێمی بەعس، بە رێگەی ئەم بڕیارە کۆریدۆرێکی مرۆیی دروست بوو.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەدا، تاوەکو ئێستا بە دەیان بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە بۆ نوێکردنەوەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەنێوانیشیان باسی شەریعەتی حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەکات و هەروەها باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

دیندار زێباری، گوتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو راستییە تێگەشتووە، کە تەنیا هەرێمی کوردستان دۆستی راستەقینەیەتی، هەروەها هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دیموکرات و شوێنی پێکەوەژیانە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە هەموو ناوچەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بە پاراستنی هەرێمی کوردستان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتیشی: کاتێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، قسەکانی بلینکن زۆر روون بوو کە باسی لە گرنگی پێگەی هەرێم کرد و ئاماژەی بەوەدا، گرنگە ئەم حکومڕانییە سەرکەوتووە لەو هەرێمە بەردەوام بێت.

دیندار زێباری، جەختی لەوەش کردەوە، " ئێمە یەکەم هەرێمین لەسەر ئاستی جیهان کە بەو شێوەیە لە ئەمەریکا پێشوازیمان لێ کراوە".

لە رۆژی (5ـی نیسان 1991)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی  بە ژمارە (688) بۆ پاراستنی کورد لە هێرش و هەڕەشەکانی رژێمی عێراق بەسەرۆکایەتی سەدام حسێن، دەرکرد.

له‌ دانیشتنی ژمارە (2982)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ زۆرینەی ده‌نگ بڕیاری (688)ـی دەرکرد و تەنیا سێ وڵات لەگەڵ بڕیارەکە نەبوون، ئەوانیش بریتی بوون لە (زیمبابۆی، کوبا و یه‌مه‌ن)، دوو ئه‌ندامیش کە (چین و هیند) بوون، له‌ ئاست بڕیاره‌كه‌ بێلایه‌نییان هەڵبژارد.

ئەم بڕیارە بەتەنها بریتی نەبوو لە پاراستنی کورد لە هەڕەشەکانی سەدام لەعێراقدا، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەشی لەنێوان کوردستان و بەشەکانی دیكه‌ی عێراق دروستکرد، کە بە هێڵی (36) ناسراوە، بەوەش کورد تاڕادەیەک لەمەترسییەکانی سەدام رزگاری بوو، کۆتایی بەدەسەڵاتی حکومەتی عێراق لەناوچە کوردییەکان هات.

دەرکردنی ئەم بڕیارە هه‌رێمی كوردستانی بردە قۆناغێکی نوێوە، بەجۆرێک توانی هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک وەک هەرێمێکی سیاسی و ئیداری جیاواز لە دەسەڵاتی حکومڕانی سەدام پێکبێنێت و کەوتە ژێر چاودێری ئەمه‌ریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.