رۆمانۆوسكی: جه‌ختمان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ نزیكترین كاتدا

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، جه‌ختمان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ نزیكترین كاتدا.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق نووسیوویه‌تی: دوێنێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی، تاووتوێی گرنگی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانمان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی كرد.

رۆمانۆوسكی هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و شه‌فاف له‌ نزیكترین كاتدا، هانی پارتی دیموكراتی كوردستانم دا،  كار له‌گه‌ڵ ته‌واوی پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و به‌غدا بكات.

پێشتریش سەربەست لەزگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".

هه‌روه‌ها ئاری هه‌رسین به‌رپرسی لقی چواری پارتی رایگه‌یاندبوو، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ـی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ قازانجی لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ دیزایین كراوه‌.

ڕۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024)ـی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.