دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکە، چۆن دەنگی مەزڵوومیەتی کورد گەیشتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟

کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی باشووری کوردستان لە 1991
کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی باشووری کوردستان لە 1991

K24 - هەولێر:

دوای راپەڕینی گه‌لی كوردستان و كۆڕه‌و، رژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن وەڵامی كوردی دایەوە و كۆڕەوە ملیۆنییەكەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوكات چەند كەسایەتی و سیاسه‌تمه‌داری بەرەی كوردستانی لە تاراوگە بوونە دەنگی مەزڵوومیەتی گەلی كورد و ئازارەكانی خەڵكی كوردستانیان گەیاندە رای گشتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.

دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدا و كەسایەتی دیاری كورد لە چاوپێكەوتنێكدا داوای هاوكاری مرۆیی بەپەلە بۆ ملیۆنان كورد دەكات و دەڵێت، رۆژانە هەزاران كەس لە ژن و منداڵ گیان لەدەستدەدەن.

دكتۆر مەحموود عوسمان باسی لەوەکرد: "لە راستیدا ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە چۆن خەڵكی رزگار بكەین و بۆئەوەی لە سەرما و برسیەتی و بەهۆی تیرۆری عێراقەوە نەمرن؟ ملیۆنان خەڵك لە دۆخێكی خراپدان پێویستە بەهانایانەوە بچین. پێویستیان بە خۆراك و هاوكاری مرۆیی بەپەلەیە. تا ئێستا سنوورەكانی توركیا نەكراونەتەوە و رۆژانە هەزاران كەس لە ژن و منداڵ گیان لەدەستدەدەن".

هەروەها هۆشیار زێباری و شاندێكی بەرەی كوردستانی دەچنە داونینگ ستریت و دۆخی زۆر سەختی ملیۆنان كورد دەگەیەننە جۆن مەیجەر، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا.

هۆشیار زێباری کە نوێنەرایەتی بەرەی كوردستانی دەکرد ئاماژەی بەوەکردبوو: "ئێمە پێمانوایە هەتا ئەوكاتەی سەددام حوسێن لە دەسەڵات بێت، هیچ جۆرە ئاشتییەك نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە بەدینایەت. هۆكاری سەرەكی راپەڕینیش هەر بۆ رزگاربوون بووە لە دیكتاتۆریەتی سەددام حوسێن".

سەفین دزەیی یەكێكی دیكەیە لەو كەسایەتیە دیار و سیاسیانەی كورد، جیا لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی وڵاتان لە میدیاكانی رۆژئاواوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی پەیامی گەل و بەدەمەوە چوونی میلۆن كورد.

دزەیی لەکاتی کۆڕەوەکەدا گوتی: "سەدان هەزار كەس ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە. كورد ترسی ئەوەیان هەبووە جارێكی دیكە سەددام حوسێن چەكی كیمیایی بەكاربهێنێتەوە. چونكە هەركات ویستبێتی سەددام هیچ دوو دڵ نەبووە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی گەلی كورد وەك ئەوەی پێشتر بینیمان."

لەلایەن خۆیەوە، دكتۆر نەجمەددین كەریم، وەک كەسایەتییەکی سیاسی كورد، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز، رەخنە لە سیاسەتی ئەمریكا گرت و گوتی: بێ ئومێدیان كردین. هەروەها لەو کاتەدا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کرد و رایگەیاند: لەگەڵ ستافێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دادەنیشین و پەیامی كوردیان پێدەگەیەنین.

دكتۆر نەجمەدین كەریم گوتی: "لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چەند بابەتیكی گرنگ هەن باسیان دەكەین لەوانەیە، ملیۆنان كورد ماڵ و شوێنی مانەوەی خۆیان بەجێهێشتووە و هیچ پەناگە و پێداویستیەكی ژیانیان نییە و پێویستیان بە هاوكاری بەپەلەیە. داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكەین هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و توركیا بكەن بۆئەوەی سنوورەكانیان بەڕووی خەڵكیدا بكەنەوە."

لۆبی و هەوڵی بەرەی كوردستانی و كەسایەتییە دیارەكانی كورد لە وڵاتانی رۆژئاوا چ لەرێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چ لەرێگەی سەردان و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ولاتان و لەرێگەی میدیاكانەوە، مەزڵوومیەت و بێدادی گەلی كوردیان گەیاندە رۆژئاوا و دواجار كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیاری 688 و راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕینی لێكەوتەوە.