سێنتکۆم: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان تێکشکاند

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر بە گرووپی "ئەنسارڵڵا"ی حووسییەکانی یەمەنی تێکشکاندووە.

فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەپلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی"X" ڕایگەیاند، هێزەکانمان سەرکەوتوو بوون لە پێکان و تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە فڕۆکەکان بەسەر دەریای سووردا فڕیوە و ئەوی دیکەشیان لەسەر زەوی بووە کە ئامادەکاری دەکرا بۆ هەڵفڕین"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکان و کەشتییە بازرگانییەکان، لە ناوچەکەدا".

سێنتکۆم ڕاشیگەیاند، بە پێویستمان زانی بۆ پاراستنی هێزەکان و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانیی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان بەرگریی لەخۆمان بکەین.

عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی ئەنسارڵڵا ڕایگەیاند، گروپەکەی لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووەوە پەلاماری86 کەشتییان داوە کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە، بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە.

لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنسارڵڵا ڕایگەیاند، پشتیوانیی لە فەڵەستینییەکان دەکات لە دژی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بە هێرشی مووشەکی، ئاسمانی و سەربازی؛ خۆ ئەگەر ئەمەریکا ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی بکات لە ململانێی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.