سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا کشایەوە و سەدان تەرمی تێدا دۆزرایەوە

باڵەخانەی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە کەرتی غەززە
باڵەخانەی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی لە کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا کۆتایی پێهێنا و سەرچاوەیەکی پزیشکی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، لە دوای کشانەوەی سەربازانی ئیسرائیل 300 کوژراویان لە نەخۆشخانەکە دۆزیوەتەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی فەڵەسین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی بە تەواویی لە باڵەخانەی کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا و دەوروبەری کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە، کشاندووەتەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، باڵەخانەی کۆمەڵگەکە پزیشکییەکە بە تەواوی سووتێندراوە و قەبارەی وێرانکارییەکانی باڵەخانە و باڵەخانەکانی دەوروبەری لە ڕادە بەدەرە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە،  دوای کشانەوەی سەربازە ئیسرائیلییەکان نزیکەی 300 کوژراویان لە نێو کۆمەڵگەکە دۆزیوەتەوە، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی ناسنامەی کوژراوەکان نەداوە ئایا خەڵکی مەدەنین یان چەکدارانی حەماسن.

پێنجشەممەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە بەشی فریاکەوتنی کۆمەڵگەی شیفا چەکدارانی حەماس دەستڕێژیان لە سەربازان کردووە، هەربۆیە بڕیاریانداوە هەڵبکوتنە سەر کۆمەڵگەکە. دوێنێ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی زیاتر لە 200 چەکداری حەماسیان لە نێو کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا کوشتووە.

پێشووتریش لە 20ی مانگی ڕابردوو سەربازانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە زیاتر لە 170 چەکدار لە حەرەمی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا بکوژن و دەستیش بگرن بە سەر ژمارەیەکی زۆری چەکی حەماسدا بگرن، هاوکات لێپرسینەوە لەگەڵ 800 گومانلێکراویش بکەن.