ئەندامێکی کۆنگرێس لە قسەیەکی سەبارەت بە غەززە پاشگەز دەبێتەوە

K24 - هەولێر

تیم والبێرگ، ئەندامی کۆنگرێسی  کۆمارییەکان، دەڵێت، مەبەستی ئەوە نەبووە پێشنیازی بۆردومانی غەززە بکات بە چەکی ئەتۆمی.

 لە 25ـی ئاداردا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە و تیایدا "والبێرگ" وەڵامی پرسیاری دەنگدەرێکی دایەوە سەبارەت بە غەززە، والبێرگ لە ڤیدیۆکەدا دەرنەکەوت، بەڵام دەنگی دەبیسترێت.

 ئەو لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا لە وەڵامی پرسیارەکەدا سەبارەت بە دروستکردنی دەریچەیەکی دەریایی ئەمەریکا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە دەڵێت: "پێم وانییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ یارمەتییە مرۆییەکان خەرج بکەین" گوتیشی: "پێویستە وەک هێرۆشیما و ناکازاکی مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بەو پرسە بهێنن".

 والبێرگ لە نامەیەکی نووسینگەکەیدا کە "سی ئێن ئێن"، ئاشکرای کردووە و دەڵێت: هەمان لۆژیک بۆ شەڕی ئۆکرانیا دەگونجێت، بۆ ئەوەی بەخێرایی شکست بە پوتین بهێنین.

 بەگوێرەی نامەکە، "دەبێت هەمان شت لە ئۆکرانیا ڕوو بدات بۆ ئەوەی بە خێرایی پوتین بشکێنرێت، لەبری بەکارهێنانی لەسەدا 80ـی سەرچاوەکان بۆ مەبەستی مرۆیی لە ئۆکرانیا، پێویستە لەسەدا 80 بۆ 100ـی ئەو سامانە بەکار نەهێنرێت، بۆ سڕینەوەی ڕووسیا."

 واڵبێرگ دوێنێ لە هەژماری خۆیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردەوە، "مەبەستی ئەوە نییە پێشنیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بکات."

 ئاماژەی بەوەش کرد، "وەک منداڵێک کە لە سەردەمی جەنگی سارددا گەورە بووم، دوا شت کە من پەرەی پێدەدەم، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا قسەیەکم بەکارهێنا، بۆ ئەوەی ئیسرائیل و ئۆکرانیا بەزووترین کات سەرکەوتن لە شەڕەکاندا بەدەست بهێنن، بەبێ ئەوەی ژیانی سەربازە ئەمەریکییەکان بخەنە مەترسییەوە".

 لە کۆتاییدا گوتیشی: "تا زووتر حەماس و ڕووسیا ڕادەست بن، هەنگاونان بەرەو پێشەوە ئاسانتر دەبێت. دەرهێنانی قسەکانم لە چوارچێوەی خۆیان، بووە هۆی شێواندنی مانای مەبەستدار".