گروپێکی چەکداری عێراقی بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکەی شاری ئیلات ڕاگەیاند

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، گرووپی چەکدارانی "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشکردنە سەر شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل ڕاگەیاند.

گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی عێراق" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکە کراوەتە سەر ئامانجێکی زیندوو لە ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەکی گونجاو، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر جۆری چەکەکە نەدا.

مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق، کە گرووپێکی لایەنگری ئێرانە، بەرپرسیارێتی زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لە ئەستۆ گرتووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، باڵەخانەیەک لە بەندەری ئیلات لەسەر دەریای سوور، ڕۆژی دووشەممە بۆردومان کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.