نوێنەرکەی باکووری کوردستان بارودۆخی لە مەترسیدایە

یانەی غازی عەنتاب لە باکووری کوردستان
یانەی غازی عەنتاب لە باکووری کوردستان

یانەی غازی عەنتاب یەکێک لە دوو نوێنەرەکەی باکووری کوردستان لە خولی نایابی تورکیا، بارودۆخی باش نیە و ئەو یانەیە مەترسی دابەزینی بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیای لەسەرە.

نوێنەرەکەی باکووری کوردستان پێنجەم وەرزیەتی لەسەر یەک بەشداری خولی نایابی تورکیا دەکات، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای ئەو پێنج وەرزە، وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی ئەم وڵاتە یاریی بکات، ئەویش بەهۆی ئەنجام خراپەکانی ئەم وەرزەی.

غازی عەنتاب ئەمجارەیان لە گەڕی 31 لە خولی نایابی تورکیا، لە یاریگای خۆی رووبەڕووی ئاڵانیاسپۆر دەبێتەوە، بە بردنەوەیان لەم یارییە بە شێوەیەکی کاتی هەندێک خۆیان لە کۆتاییەکانی ریزبەندی و لە ناوچەی دابەزین دووردەخەنەوە.

یانەکەی باکووری کوردستان ئەم وەرزە بە باشی دەستیان پێنەکرد و لە پێنج یاریی سەرەتای خولی نایابی تورکیا، هەر هەموو یارییەکانیان دۆڕاند، پاشان توانیان زنجیرەیەک ئەنجامی باش بەدەستبهێنن، بەڵام دیسان کەوتنەوە داوی ئەنجامە خراپەکانیان و تاوەکو وایلێهات لە ناوچەی دابەزین جێگیر بوون.

غازی عەنتاب لە کۆی 30 یاریی ئەم وەرزەی لە خولی نایابی تورکیا، خاوەنی 31 خاڵە و لە پلەی 17 دێت، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەو پلەیە بمێنێتەوە، ئەوا دوای پێنج وەرزی لەسەر یەک، بە ناچاری دەبێتە وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە خولی پلە یەکی تورکیا. هەروەها ئەو یانەیە لە پێنج یاریی رابردووی تەنها یەک یاریی براوە بووە.