ئێران داوای وەڵام لە ئەمەریکا و کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

کونسولگەری ئێران لە دیمەشق دوای هێرشەکەی ئیسرائیل
کونسولگەری ئێران لە دیمەشق دوای هێرشەکەی ئیسرائیل

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران پەیامێک ئاراستە ئەمەریکا کرد و داوای وەڵام دەکات و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات. هاوکات دوو بەرپرس لە بایدن رایانگەیاندووە، ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەوە دیمەشقەوە نییە.

ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە سەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەشی کونسوڵگەری سەر بە باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە لە تاران پەیامێکیان بۆ ئەمەریکا ناردووە و دەبێت وەڵام بداتەوە.

عەبدوڵڵاهیان دەڵێت: بە گوێرەی ئەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ئێران، بەڕێوەبەری گشتی کاروبارەکانی ئەمەریکا لەو باڵیۆزخانەیە بانگێهشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە بۆ ئەوەی هەم پەیامەکە بگات و هەم روونکردنەوە لە بارەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بدات کە کردوویەتییە سەر باڵەخانەی دیپلۆماتکارانیی کونسولگەری ئێران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەربازی کوژراون.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، پەیامێکی گرنگیان بە ئەمەریکا گەیاندووە کە پشتیوانیکاری ئیسرائیلە و دەبێت وەڵام بداتەوە.

هەرچەندە تا وەکوو ئێستا ئەمەریکا لە ئاستی وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوە هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە لە سەر ئەو هێرشەی دیمەشق، بەڵام بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی، دوو بەرپرس لە ئیدارەی بایدن رایانگەیاندووە، واشنتن ڕاستەوخۆ تارانیان ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە، بەڵام دوو بەرپرسی دیکەی ئەمەریکی ئاماژەیانداوە، کاتێک ئیدارەی بایدن لەو هێرشە ئاگەدارکراوەتەوە کە فڕۆکەکان لە ئاسمان بوون.

هەروەها زەهرا ئیرشادی، جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوە و داوایکردووە، ئەو هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولگەری ئێران لە دیمەشق ئیدانە بکات و کۆبوونەوەیەکی بە پەلەش بۆ سنووردان لە بەردەم  دەست درێژییەکانی ئیسرائیل ڕێکبخرێت.

ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی نزیک باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج

و دوای چەند کاتژمێرێک لەو هێرشە سوپای پاسدارانی ئێران به‌ فه‌رمی كوژرانی دوو فه‌رمانده‌ و پێنج ڕاوێژكار و ئه‌فسه‌ر له‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دیمه‌شق ڕاگه‌یاند.