حەوت کارمەندی رێکخراوێکی فریاگوزاری ئەمەریکی لە غەززە کوژران

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی فریاگوزاری ئەمەریکی "وورلد سنترال كيتشن" ڕایگەیاند، دوای ئەوەی حەوت کارمەندمان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرک لە غەززە کوژران، بڕیارماندا کارەکانمان لەو کەرتە ڕابگرین.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، ڕێکخراوی فریاگوزاری ئەمەریکی "وورلد سنترال كيتشن" ڕایگەیاند، حەوت لە کارمەندی ڕێکخراوەکە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. ڕوونیشی کردەوە، کوژراوەکان "خەڵکی ئوسترالیا، پۆڵەندا، شانشینی یەکگرتوون، و یەکێکیان ڕەگەزنامەی ئەمەریکی کەنەدا و ئەوانی دیکەش فەڵەستینین."

ڕاشیگەیاند، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن بە پێی سەرچاوە ئەمنییەکانی فەڵەستین ڕایانگەیاندووە، لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیل لە شاری دێر بەلاح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئۆتۆمبێلی ئەو کارمەندانە کراونەتە ئامانج، و پێنج لە کارمەندانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کوژراون.

ڕێکخراوەکە ڕوونی کردەوە، ئەو کارمەندە فریاگوزاریانەی کە بوونەتە قوربانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل لە ئەرکێکدا بوون بۆ پشکنینی بەندەری غەززە.

دەشڵێت: "ڕێکخراوەکە کارەکانی خۆی لە غەززە ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کارمەندەکانی لەو هێرشەدا کوژراون."

لای خۆیەوە ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، پەیوەندی بە باڵیۆزی ئیسرائیلەوە کردووە لە وڵاتەکەی و داوای هەرچی زووتر "لێکۆڵینەوەی تەواو"ـی کردووە.