سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە: پێویستە وڵاتانی عەرەبی وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە

K24 – هەولێر

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند، ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، بێگومان هۆکارەکانی ئیسرائیلە کە بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر، پێویستە وڵاتانی عەرەبی کاربکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپێنراون.

رەحیم عەبودی، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، بێگومان هۆکارەکانی ئیسرائیلە کە بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر و دەستدرێژی کردووەتە سەر هەموو یاسا مرۆییەکان، هەروەها بەرپرسیارە لە کوشتنی ئەو خەڵکە.

گوتیشی: ئیسرائیل وا خۆی دەبینێت لەسەروی یاساوەیە، تەنانەت ڕێز لە باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسیەکانیش ناگرێت و دەستدرێژی دەکاتە سەریان، دەشڵێت: ئیسرائیل ڕێگری لە ڕێکخراوە مرۆییەکانیش دەگرێت.

عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دوێنێ بینیمان پێشهاتێکی زۆر ترسناک بوو، هەروەها دژی هەموو کردارێکی مرۆیی بوو، چونکە ئەوەی ئێران لەسووریا دەیکرد هاوکاریکردنی فەڵەستینییەکان بوو لە غەززە.

سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمە جەختیکردەوە، ئەوەی پەیوەستە بە وڵاتانی عەڕەبییەوە، وای دەبینین کە دەبێت بڕیاری نوێ بدرێت بۆ ڕێگریکردن لەقەوارەی جولەکە، بۆیە پێویستە وڵاتانی عەرەبی کاربکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپێنراون.

عەبودی دەشڵێت: ئیسرائیل دەیەوێت شەڕ تەنها لە غەززە نەمینێتەوە بەڵکو بچێتەو وڵاتانی دیکەش، هەروەها ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت شەڕێکی وەحشیگەرانەیە، هەروەها هێرشەکەی سەرنێردە دیپلۆماسییەکان سەرکۆنە دەکەین.

ڕاشیگەیاند، لە ڕاستیدا حکوومەتی عێراق پابەندی بە بڕیارەکانی خۆیەوە، هەروەها گروپەکانیش پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتن و خۆیان گرتووە تاوەکو ئێستا، بەڵام هەمووان دەزانن عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە مافەکانی غەززە دەکات، هەروەها مقاوەمەش تاڕاددەیەک دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و ناتوانێت بەردەوام بێت لەو بێدەنگییە. هەر لەبەر ئەوە عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەپەلە کارێک بکات تاوەکو وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و ئاڵۆزی نەبنەوە.